نێچیرڤان بارزانی: لەمەودوا ئاوەدانكردنەوە لە كوردستان دەستپێدەكاتەوە


نەتەوە  |   11:41:04 2018-09-25  |   (1,791) جار خوێندراوەتەوە

سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، حكومەت پلانی بۆ بووژاندنەوەی زۆربەی ناوچەكان داڕشتووە و لەمەودواش ئاوەدانی لە كوردستان دەستپێدەكاتەوە.
A+    A-

 

ئەمڕۆ سێشەممە 25/9/2018 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێم لە مەراسیمی دانانی بەردی بناخەی رێگەی رۆڤیا- گۆپاڵ لە پارێزگای دهۆك رایگەیاند، 80 ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژەكە تەرخانكراوە و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش پلانی بۆ بووژاندنەوەی زۆربەی ناوچەكان داڕشتووە و لەمەودواش ئاوەدانی لە كوردستان دەستپێدەكاتەوە.


ناوبراو لە بەشێكی وتەكانی باسی كار و چالاكی و پرۆژەكانی حكومەتی لە ماوەی كابینەی هەشت كرد و رایگەیاند: "كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی سیستماتیك و بەپێی بنەما نێودەوڵەتییەكان دەستی بە چاكسازییەكی سیستماتیكی ماوەدرێژ كردووە، كە لە پرۆژەی بایۆمەتری و پێشكەشكردنی پرۆژەی چاكسازی بە پەرلەمانی كوردستان بەشێكی ئاشكرای ئەو پرۆژە چاكسازییەیە، كە دەستمان پێكردووەو لە سەرەتای كابینەوە پلانمان بۆی داناوە، ئەوانەو زۆر هەنگاو و پرۆژەی رانەگەیەندراوی دیكەش هەموویان كاری حكومەتن، ئەركی ئێمەبوو وەكو حكومەت، ئەمانە شیاو نین بەهیچ شێوەیەك بیانخەینە ناو بانگەشەی حیزبییەوە، چونكە ئێمە دەمانەوێت شێوەی دەزگاییبوون و دامەزراوەكان بەهێزبكەین و كاریگەی حیزبی و سیاسی لەسەری رۆژ بەڕۆژ كەمتر بكەینەوە".


دەقی وتاری نێچیرڤان بارزانی لە میانی دانانی بەردی بناخەی رێگای جووت سایدی رۆڤیا-گۆپاڵ:

خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەی بەڕێز ئامادەبووم بۆ دانانی بەردی بناخەی پرۆژەیەكی زۆر گرنگ و ستراتیژی لەم دەڤەرە، ئێوە بێگومان بن لەوەی ئەوە سەرەتای دەستپێكردنەوەی پرۆژەكانمان دەبێت لەم دەڤەرە گرنگەی كوردستان.

ئەمڕۆ لێرە دەستپێكردنی پرۆژەی دروستكردنی رێگای رۆڤیا گۆپاڵ رادەگەیێنین، ئەم پرۆژەیە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانی پارێزگای دهۆك سەرپەرشتی دەكرێت و لەلایەن كۆمپانیای كاڤین گرووپەوە جێبەجێ دەكرێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان نزیكەی 80 ملیۆن دۆلاری بۆ ئەم پرۆژەیە تەرخانكردووە.

بەپێی وردبینیمان لە نەخشەی پرۆژەكە دەبینین زۆر بە باشی نەخشەی بۆ دانراوە، لەو رێگەیە كە 22 كیلۆمەتری جووسایدە حیساب بۆ پاراستنی سەلامەتی كراوە، 6 ئۆڤەر پاس لە پرۆژەكەدا هەن، 8 جێگەش بۆ پەڕینەوەی ئاژەڵان بەشێوەی قەسیسە حیسابیان بۆ كراوە، ئەمانە هەموو وادەكات كە ئەم پرۆژەیە لە ماوەیەكدا، كە نووسراوە حدوودی 900 رۆژ، بەڵام من هیوادارم زووتریش ئەو پرۆژەیە جێبەجێ بكرێت، بە كوالێتییەكی باش و رێكوپێك ئینشەڵڵا ئەو پرۆژەیە جێبەجێ بكرێت.

دەزگا پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئێستا وەك ئەركی خۆیان زۆر بە وردی لەسەر كوالێتی پرۆژەكانی رێگاوبان دەوستن، دەبێت لە ئێستاو داهاتووشدا چاودێرییەكانیان زۆر زیاتریش ببێت، من موهەندس نیم، بەڵام وەكو شارەزایەك لەم چەند ساڵەدا دەمەوێت ئەوە بڵێم كە رێگاوبان دروست دەكرێت بەڕاستی ئیهتیمامی زۆر بۆ ژێرخانی دروستكردنی ئەو رێگاوبانانە نییە، هیوادارم لەو پرۆژەیە دیقەتێكی زۆر بدرێت بە ژێرخانەكەی و بە رێكو پێكی كوالێتییەكی باش دروست بكرێت.

ئەو كۆمپانیایە كاری باشیان لە كوردستان ئەنجامداوە، جێگەی خۆیەتی ئەمڕۆ جارێكی دیكە بڵێمەوە سوپاسی هەموو ئەو كارانەیان دەكەم، زۆر بە دڵسۆزانە بۆ كوردستان كاریان كردووە، ئەو پرۆژانەی دروستیشیان كردووە شایەدی ئەوەن، كە تاوەكو ئێستا كارەكانیان بە باشی كردووە، دەستخۆشیان لێدەكەم و هیواداریشم ئەو پرۆژەیەی كە ئەمڕۆ لێرە بەردی بناخەی بۆ دادەنێین بە كوالێتییەكی یەكجار زۆر باش و بە دڵسۆزی و بە خاوێنی ئینشەڵڵا جێبەجێی بكەن.

مایەی خۆشحاڵیشە كە دوو رۆژ پێش ئێستا جەنابی پارێزگاری دهۆك كاك فەرهاد هات، دەستپێكردنی دوو پرۆژەی گرنگی دیكەی لەو دەڤەرە راگەیاند، یەكەمیان پرۆژەی چاككردنەوەو قیرتاوكردنی رێگای كۆركا سۆركا-زێراڤ لە ناوچەی گردەسێن ئاكرێ، دووەمیشیان پرۆژەی چاككردنەوەو قیرتاوكردنی رێگای زەنگەنەنان-دارەتوو لە قەزای بەردەڕەش، ئەمانەش پرۆژەی گرنگن بۆ خەڵكی دەڤەرەكەو دەستخۆشی لە جەنابی پارێزگار دەكەین هیوادارین بە كاتێكی نزیك ئەوە جێبەجێ ببێت.

خەڵكی خۆشەویستی بەردەڕەش و ئاكرێ و شێخان، ناوچەكانی ئێوە مەڵبەندی شۆڕش پێگەیاندنی سەدان و هەزاران خەباتكاران بۆ شۆڕشەكانی كوردستان، لەبەر ئەوەش پێشتر ئەو ناوچانە لەلایەن رژێمی پێشوو بە تەواوەتی پشتگوێخراوبوون، هەندێك شوێن لەو ناوچەیە لە سەرەتاترین خزمەتگوزاری بێبەشبوون، حكومەتی هەرێمی كوردستان پرۆژەی جۆراجۆری لەو دەڤەرە ئەنجامداوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەزانین ئەو پرۆژانە بەهیچ شێوەیەك بەپێی پێویستییەكانی ئەم ناوچەیە نەبوونە، بەڵام بێگومان بن لەوەی كە ئەم پرۆژەیەی ئەمڕۆ و پرۆژەكانی هەفتەی رابردوو، سەرەتای دەستپێكردنەوەی پرۆژەی زیاتر دەبن بۆ دەڤەرەكەتان.

حكومەتی هەرێم پلانی هەیە بۆ بوژاندنەوەی ئەم ناوچەیە و سوودوەرگرتنی زیاتر لە توانا سروشتییەكانی ئەم دەڤەرە لەڕووی كشتوكاڵ، گەشتیاری و سامانی ژێر زەوی، لە پێناو پێشخستنی زیاتری دەڤەرەكەو زیاتركردنی داهاتی خەڵكی دەڤەرەكەو بەشداریكردنی زیاترتان لە بەهێزكردنی ئابووری كوردستان بە شێوەیەكی گشتی، هەروەها پلانی ئەوەشمان هەیە لە پرۆژەكانی ئەو دەڤەرە حكومەت و كۆمپانیا زیاتر سوود لە توانا مرۆییەكانی ناوچەكە وەربگرن.

دوای كۆتاییهاتنی شەڕی داعش، ئێستا تا راددەیەك هاوئاهەنگی لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی عێراق دروستبووەتەوە، باشتربوونی باری دارایی حكومەتی هەرێم، بە بەراورد لەگەڵ دوو ساڵی رابردوو وادەكات پێداچوونەوەیەكی جددی بە پێداویستییەكانی ئیدارەی دەڤەرەكەتان بكەین، چونكە دەزانین لەوبارەیەوە داواكاری جددیتان هەیە لە پێناو باش بەڕێوەچوونی كاروباری فەرمانگەكانی حكومەت لەو دەڤەرە، بوژانەوە و پێشكەوتنی گوندەكانتان بەشێكی گرنگن لە پلانی حكومەتی هەرێم بۆ جۆراجۆركردنی سەرچاوەكانی داهاتی خەڵك و بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووری هەرێمی كوردستان، دڵنیابن لەداهاتوودا بە راددەی بەردەوامییان لە باشتركردنی خزمەتگوزارییەكان لە شارەكان و زۆرتركردنی پرۆژەكان بەهەمان ئەندازە بەپێی پلان بایەخ بە گوندەكانیش دەدەین.

ئەم پرۆژەیەی ئەمڕۆ، كاریگەرییەكی زۆر گرنگ و باشی دەبێت لەسەر دروستكردنی ژێرخانی ئابووری ناوچەكەو بوژانەوەی هەموو ئەو گوند و شارۆچكانەی دەكەونە سەر ئەو رێگایە، بێگومان بەپێی پلان و تواناكانی حكومەت رێگەی دیكەش لەم دەڤەرە دروست دەكرێن و باشتر دەبن.

بەڕێزان بەهۆی شەڕی تیرۆریستانی داعش و خەرجییەكان شەڕ و هێزی پێشمەرگەی قارەمان و هاتنی نزیكەی 2 ملیۆن ئاوارەو پەنابەر بۆ هەرێمی كوردستان و بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن عێراق و دابەزینی نرخی نەوت بۆ 25 دۆلار، حكومەتی هەرێمی كوردستان كەوتە دۆخێكی ئەوتۆ كە هەموو هەوڵێكی ئەوەبووتەنها خزمەتگوزارییە سەرەكییەكانی ژیان نەوەستن و ئارامی و بژێوی خەڵك دابین بكات، لەبەر ئەوەش زۆر پرۆژەی ئاوەدانكردنەوەو وەبەرهێنان وەستان، ئەمانەش هەمووی كاریان لە كەمكردنەوەی هەلی كار بۆ خەڵك و توانای حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد، ئینجا دروستكردنی كێشەی ناوخۆ و سستكردنی كاری حكومەت بە ئامانجی سیاسی و هەوڵدان بۆ رووخاندن و هەڵوەشاندنەوەی حكومەت و لە دۆخێكدا كە دەبووا هەموو لایەك زیاتر لە هەموو كاتێك ئاسایشی كۆمەڵایەتی بپارێزن و رێگە نەدەن ژیانی خەڵك زیاتر تێكبچێت، كێشەو بەرژەوەندیە تەسك و حیزبییەكانیان وەلا بنێن، كەچی هەر درێژەیان پێدا، بەڵام ئەوەی كە جێی دڵخۆشییە بە پشتیوانی خەڵكی كوردستان و فەرامنبەرانی خۆڕاگری كوردستان، بە پشتیوانی وڵاتانی دۆست لە جیهان، حكومەتی هەرێمی كوردستان هەبوونی شەرعی خۆی پاراست و مایەوە ئابڵووقەی سیاسی، ئابووری و ئاسمانییەكانیشی تێكشكاند.

ئامانجی سەرەكی ئێمە وەكو حكومەت دابینكردنی ئاسایش و گوزەرانی خەڵكە، سوپاس بۆ پێشمەرگە و دەزاگاكانی ئاسایش و ناوخۆ، نە هیمەتی ئەوان ئارامی لە كوردستان پارێزرا، هەر لەگەڵ باشتربوونی بارای دارایی حكومەتیش پاشەكەوتی مووچەمان زۆر كەمكردەوە، چاومان لەوەیە لە ماوەیەكی نزیكدا بتوانین بە تەواوەتی نەیهێڵین.

بەڕێزان..

كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی سیستماتیك و بەپێی بنەما نیودەوڵەتییەكان دەستی بە چاكسازییەكی سیستماتیكی ماوەدرێژ كردووە، كە لە پرۆژەی بایۆمەتری و پێشكەشكردنی پرۆژەی چاكسازی بە پەرلەمانی كوردستان بەشێكی ئاشكرای ئەو پرۆژە چاكسازییەیە كە دەستمان پێكردووەو لە سەرەتای كابینەوە پلانمان بۆی داناوە، ئەوانەو زۆر هەنگاوو پرۆژەی رانەگەیێندراوی دیكەش هەموویان كاری حكومەتن، ئەركی ئێمەبوو وەكو حكومەت، ئەمانە شیاو نین بەهیچ شێوەیەك بیانخەینە ناو بانگەشەی حیزبییەوە، چونكە ئێمە دەمانەوێت شێوەی دەزگاییبوون و دامەزراوەكان بەهێز بكەین و كاریگەی حیزبی و سیاسی لەسەر رۆژ بەڕۆژ كەمتر بكەینەوە.

سوپاس بۆ هەموو وەزیرە بەڕێزەكان و كاربەدەستانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەوانەی لەسەرەتای دروستبوونی كابینەی هەشتەمەوە بەشداربوون، ئەوانەی تا ئێستاش بەردەوامن لە كاركردن، كە وەك یەكەم تیم بە یەكەوە كارمان كردووە، ئەویش بۆ یەك ئامانج و یەك ناو كە ئەویش حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان ئیدارە و حكومەتی هەموو هاونیشتمانییانە، بە هەموو پێكهاتەو ئاراستەكانیانەوە، دەبێت هەر بەو شێوەیەش بەردەوام بێت و باشتر ببێت لە هەموو رووێكەوە.

هەر كارێك كە كراوە هەموو وەزیرەكانی كابینەی حكومەتی هەرێم بەشداریان تێداكردووەو كاری تاكەكەس نەبووە، یەك كەس سوپەرمان نەبووە كە بتوانێت ئەوكارانە ئەنجام بدات، هەمووی بە كاركردنی پێكەوەیی توانیومانە ئەو كارانە ئەنجام بدەین.
 
















زۆرترین بینراوەکان