چەند دەرماڵەیەكی جۆراو جۆر بۆ پێشمەرگە خەرج دەكرێت


نەتەوە  |   11:30:15 2018-09-25  |   (5,001) جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسێكی باڵای ژمێریاری وەزارەتی پێشمەرگە چەند زانیاریەك لە بارەی خەرجكردنی  پارەی دەرماڵە بۆ هێزەكانی پێشمەرگە ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت، "كێشەی بەستنی دەرماڵەیان چارەسەركردووە".
A+    A-

 

لیوا بەكر سدیق، بەرێوەبەری گشتی ژمێریاری لەوەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، چارەسەری كێشەی بەستنی دەرماڵەی پێشمەرگە كراوە و ئێستا هیچ كێشەیەكی نیە و دەرماڵە جۆراوجۆرەكان بۆ پێشمەرگە بە پێی رێنماییەكان دەبەسترێت و ئەو كێشەیە چارەسەركراوە، كە پێشووتر هەبووە.


ناوبراو لە درێژەی لێدوانەكەی بۆ هەفتەنامەی باس هێمای بۆ ئەوەشكردووە، ئەگەر هەر پێشمەرگەیەك گلەیی هەبێت لە نەبەستنی یەكێك لە دەرماڵەكانی ئەوە دەبێت بەدواداچوون بكات و "ئەگەر پێشمەرگەیەك دەرماڵەیەكی نەبەسترابێت، ئەوە دەبێت دڵنیا بێتەوە لە پێشكەشكردنی مامەڵەكەی، ئەگەر مامەڵەی نەكردبێت ئەوە دەبێت پێشكەشی لیواكەی بكات ئەو كاتە بۆی دەكرێت و لەگەڵ مووچە بۆی دەبەسترێت".


ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە جەختیشیكردۆتەوە، دەرماڵەكانیان وەكو وەزارەتی بەرگری عێراقیە، "دەرماڵەی خێزان لەگەڵ دەرماڵەی چوار منداڵ خەرج دەكرێت،دەرماڵەی تریش هەیە وەك بڕوانامە و پلە و پایە".


ئاشكراشیكرد، ئێستا پلە بەرزكردنەوەی پێشمەرگە هەیە، بەڵام پارەی پلە بەرزكردنەوە خەرج ناكرێت، و بەهۆی قەیرانی دارایی پلە بەرزكردنەوە تەنها بۆ ناونیشان و پلە گۆڕینە پارەی زیادی بۆ خەرج ناكرێت، بەڵكو ئەو پارەیە پاشەكەوت دەكرێت و نافەوتێت. 


بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دەرماڵەی بڕوانامە و منداڵ و هاوسەر بۆ ئەو پێشمەرگانە دەبەسترێت كە سەر بە لیواكانی پێشمەرگەن، بەڵام پێشمەرگەی یەكەكانی 70 و 80  ناگرێتەوە، بەڵكو تەنیا لیواكانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دەگرێتەوە، كە 14 لیوایە.


لەو نوسراوەدا هاتووە، پێشمەرگەی خانەنشینكراو دەرماڵەی هاوسەرێتی و منداڵیان بۆ خەرج دەكرێت، هەژماركردنی دەرماڵەی بڕوانامەی پێشمەرگەش ئەگەر هاوشێوەی وەزارەتەكانی دیكە بێت، هَەڵگرانی "بڕوانامەی سێی ناوەندی 15%، بڕوانامەی شەشی ئامادەیی 25%، بڕوانامەی پەیمانگا 35%، بڕوانامەی بەكالۆریۆس 45%، بڕوانامەی ماستەر 65% و بڕوانامەی دكتۆرا 75% "یان لە مووچە بۆ زیاد دەكرێت.


بەپێی راسپاردەیەكی پەسندكراوی پەرلەمانی كوردستان، كە سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش ئیمزای كردووە، پێویست بوو لە مانگی 10ی ساڵی 2014وە  دەرماڵەی مەترسی بۆ پێشمەرگە خەرج بكرێت ، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە جێبەجێ نەكراوە.
 
















زۆرترین بینراوەکان