سەركردەیەكی پارتی: دەكرێت لەگەڵ یەكێتی لەسەر كاندیدێكی بێلایەن رێكبكەوین


نەتەوە  |   10:29:36 2018-09-24  |   (1,000) جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێكی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای دەكات، "چیتر حزبەكەی نازی ھیچ لایەنێك ناكێشێت و كاندیدەكەشی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق ناكشێنێتەوە"، دەختیشدەكاتەوە، "كاندیدی باشتر ھەبووە كە یەكێتی دەیتوانی بۆ ئەو پۆستە دیاری بكات".
A+    A-

 

خەسرەو گۆران، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ بەشی كوردیی دەنگی ئەمریكا رایگەیاند، پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی كوردە نەك هی لایەنێكی دیاریكراو، "پاش ئەوەی یەكێتی تاكلایەنانە و دوور لە راوێژی ئێمە هەستا بەدیارییكردنی كاندید بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق، ئێمەش وەك گەورەترین لایەن لەناو پەرلەمانی عیراق دوێنێ یەكشەممە هەستاین بە تۆماركردنی ناوی كاندیدی فەرمیی خۆمان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق كە فوئاد حسێن-ە".


ناوبراو ئاماژەی بەوشدا، ئەگەرچی پارتی بەردەوام هەوڵی پاراستنی نێوماڵی كوردیی داوە، بەڵام لایەنەكانی تر رەچاوی ئەوە ناكەن، بۆیە چیدی پارتی نازی هیچ لایەنێكی تر ناكێشێت و لەمافەكانی خۆی خۆش نابێت و كاندیدەكەشی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق ناكشێنێتەوە.


رەتیشیكردۆتەوە، ئێران یاخود ئەمریكا لە رێگەی برێت مەكگۆرگ نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا لەھاوپەیمانێتی دژ بە داعش پشتیوانی لە بەرھەم ساڵح كاندیدی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بكەن، "ئەم قسەیە راست نییە و بانگەشەیە بۆ خۆیانی دەكەن، بەرهەم لە د.فوئاد باشتر و رێكتر نییە".


هێمای بۆ ئەوەشكرد، جگە لە شێوازی دیاریكردنی كاندیدەكەی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق، تێبینییان لەسەر كاندیدە فەرمییەكەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەیە، "كاندیدی باشتر هەبووە كە یەكێتی دەیتوانی بۆ ئەو پۆستە دیاری بكات".


ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەرچی سازش لەسەر مافی خۆیان ناكەن، بەڵام دەكرێت لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەر كاندیدێكی بێلایەن رێككبكەون.
















زۆرترین بینراوەکان