مه‌حمود سه‌نگاوی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ قوباد تاڵه‌بانی و به‌كارهێنانی وه‌ك بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن میدیای چه‌ند لایه‌نێكه‌وه دێته‌ده‌نگ و رایده‌گه‌یه‌نێت\"له‌ناخی دڵمه‌وه خۆشمده‌وێت و پێم خۆشه ئه‌گه‌ر گوله‌یه‌ك بۆ قوباد تاڵه‌بانی بێت به‌ر مه‌حمود سه‌نگاوی بكه‌وێت\".
ئه‌مڕۆ 22ی 9ی 2018، له شاری چه‌مچه‌ماڵ له‌میانه‌ی بانگه‌شه‌ی لیستی 105ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، مه‌حمود سه‌نگاوی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی له‌به‌رده‌م ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له ئه‌ندام و لایه‌نگرانی یه‌كێتی رایگه‌یاند:"ئه‌و ره‌خنانه‌ی كه گرتوومه له قوباد تاڵه‌بانی مانای وانییه من رقم لێیبێت، قوباد تاڵه‌بانی كوڕی رابه‌ری كۆچكردووی ئه‌م وڵاته جه‌نابی مام جه‌لاله، له‌ناخی دڵمه‌وه خۆشمده‌وێت و پێم خۆشه ئه‌گه‌ر گوله‌یه‌ك بۆ قوباد تاڵه‌بانی بێت به‌ر مه‌حمود سه‌نگاوی بكه‌وێت".
وتیشی: قوباد تاڵه‌بانی رۆڵه‌ی میلله‌ته‌كه‌ی ئێمه و مام جه‌لال و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه، ده‌توانێت ئه‌و ئه‌ركانه‌ی ئێمه جێبه‌جێمان نه‌كردووه ئه‌و جێبه‌جێی بكات.
راشیگه‌یاند"گوێمان له‌هه‌ندێك لایه‌نه له‌ئێستادا ره‌خنه‌كانی من له‌رابردوو له‌قوباد تاڵه‌بانی گرتوومه لێده‌ده‌نه‌وه، له‌كاتێكدا من ره‌خنه‌م لهكادرێكی حزبه‌كه‌ی خۆم گرتووه له‌به‌ر خۆشه‌ویستی یه‌كێتی و گۆڕی مام جه‌لال و داوای خزمه‌تگوزاری زیاترم لێكردووه، نه‌ك ئه‌وه‌ی رقم لێی بێت، بهبرژانگهكانی چاوم ده‌یپارێزم، ئه‌و كه‌سانه‌شی ئه‌وه لێده‌ده‌نه‌وه نه‌یاری یه‌كێتین".
مه‌حمود سه‌نگاوی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، له‌ئێستاشدا شانبه‌شانی قوباد تاڵه‌بانی شار‌و دێهاته‌كانی كوردستان ده‌گه‌ڕێ و"داواده‌كه‌م ده‌نگ بده‌ن به لیستی 105ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان".