شێوازێكی‌ نوێ بۆ چاككردنی‌ پاشەكەوتی‌ موچەی‌ پۆلیسی‌ پاسەوانی‌ ڕادەگەیەنرێت


نەتەوە  |   12:56:32 2018-09-20  |   (3,329) جار خوێندراوەتەوە

ئەو هەنگاوەی‌ بۆ ڕێكخستنەوەی‌ موچەی‌ "هێزەكانی‌ پۆلیسی‌ پاسەوانی"‌ پێشنیازكرابوو تائێستا كاری‌ لەسەرنەكراوە، لیژنەی‌ ئاسایش و ناوخۆو ئەنجومەنە خۆجێیەكانیش زانیاری‌ زیاتر لەوبارەیەوە ئاشكرادەكات.
A+    A-

 

سەركەوت سەرحەد، ئەندامی لیژنەی‌ ئاسایش و ناوخۆ لەپەرلەمانی‌ كوردستان ڕایگەیاند، "هەرچەندە پێشتر  سیستمی‌ بایۆمەتری‌ موچە كاری‌ پێكراوەو لەلایەن جێگری‌ سەرۆكی‌ حكومەتەوە ئەو پڕۆژەیە ڕاگەیەنرا، بەڵام پێشنیازكرا ژمارەی‌ پاسەوانان لەسەرۆكی‌ هەرێمەوە تا بەرپرس و بارەگا حزبیەكان پێداچونەوەی‌ پێدابكرێت و ئەو هەنگاوەش كاری‌ لەسەرنەكراوە".


ناوبراو ڕونیشیكردەوە، "بەڵام ئەگەر یاسای چاكسازیی و خانەنشینی‌ و بابەتی دەرماڵەكان یەكلابكرێتەوە ئەوا دەتوانرێت موچەی‌ پاسەوانانیش ڕێكبخرێتەوە، جگەلەوەش ئەگەر ژمارەی پاسەوانان كە پێشتر ئەو ڕێژەیەی‌ دراوەتە بەرپرسان پێداچونەوەی‌ پێدابكرێت، دەتوانرێت پاشەكەوتەكەشیان گۆڕانكاری تێدابكرێت و لەبەرژەوەندی ئەو هێزانە یەكلابكرێتەوە".


ئەو پەرلەمانتارە لە كۆتایی لێدوانەكەی بۆ سایتی تۆڕی هەواڵی سلێمانی ئاماژەی بەوەشكرد، "پێناچێت لەم خولەی‌ پەرلەمانی‌ كوردستاندا ئەو بابەتە یەكلابكرێتەوەو ژمارەی‌ پاسەوانی‌ بەرپرسان یەكبخرێتەوە، ئەوەش وادەكات موچەی‌ پۆلیسی پاسەوانی‌ گۆرانكاری تێدانەكرێت".
 
















زۆرترین بینراوەکان