یەكێتی جگە لە بەرهەم ساڵح كاندیدێكی دیكەشی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دەبێت  


نەتەوە  |   12:09:10 2018-09-20  |   (608) جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێكی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی ئاشكرای دەكات، "جگە لە بەرهەم ساڵح، د.لەتیف جەمال ڕەشیدیش خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید دەكات و ئێستا یەكێتی دوو كاندیدی هەیە، كاندیدی فەرمی د.بەرهەم كاندیدی نافەرمی د.لەتیف-ە".
A+    A-

 

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەچاوپێكەوتنێكدابۆ رادیۆ دەنگی ئەمریكا رایگەیاندووە، "هەر خۆی د.لەتیف ئامادەیی خۆی دەربڕی بوو، بەڕەزامەندی یا بێ ڕەزامەندی سەركردایەتی خۆی كاندید دەكات، پێم وایە ئەگەر دەرگای خۆپاڵاوتن كرابێتەوە ئێستا خۆی كاندید كردووە، بەڵام د.لەتیف ئەگەرچی كادیرێكی پێشكەوتووی یەكێتیە، بەڵام كاندیدی فەرمی یەكێتی نییە، واتە جیاوازیەكەی لەگەڵ د.بەرهەم ئەوەیە، د.بەرهەم كاندیدی فەرمی یەكێتیە بەڵام د. لەتیف كاندیدی نافەرمی یەكێتیە".


ناوبراو وتیشی: هەموو ئەندامانی سەركردایەتی دەیانزانی، كە لەدەرەوەی یەكێتی د.لەتیف خۆی كاندید دەكات، چونكە بەهەموومانی وتبوو، ئەو بەپێی دەستور مافی خۆ كاندیدكردنی هەیە، ئێمە ناتوانین ڕێێ لێ بگرین، واتە ئێستا د.لەتیف دەبێتە كاندیدی نافەرمی یەكێتی ئەگەر دەنگی پێویستی هێنا بێگومان دەبێتە سەرۆك كۆماری داهاتووی عیراق".


ئەسەسەرد باسی لە كۆبونەوەكانی پارتی و یەكێتی كرد لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق و وتی: لەدوایین كۆبونەوەدا نەگەیشتینە هیچ ئەنجامێك، پارتی چەند بژاردەیەكی خستینە بەردەممان لەوانە ئەگەر پارتی و یەكێتی ڕێك نەكەوتن لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق ئەوا با بۆ كاندیدێكی كوردی بێ لایەن بێت، بەڵام ئێمە ڕەتمان كردەوە بۆیە ئێستا بڕیارەكە وایە ئەوان كاندیدی خۆیان دەبێت، ئێـمەش هی خۆمان.”


فەرید ئەسەسەرد سەبارەت بەوەی ئەگەر پارتی و یەكێتی كاندیدیان بەجیا هەبێت پێتانوایە چانسی وەرگرتنی ئەو پۆستە بۆ كاندیدەكەی یەكێتی یا پارتی زیاترە؟، وتی: "ئێـمە ئەگەر دڵنیانەبوینایە لەوەی كە پۆستەكە بۆ یەكێك لەكادیرەكانی یەكێتی دەبێت، ئەو سەركێشییەمان نەدەكرد، دڵنیاشین سەرۆك كۆماری داهاتوو یەكێك دەبێت لەكادیرەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان."


ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی دەربارەی ئەوەی لەحاڵەتی دەرچونی (د.لەتیف) كە كاندیدی نافەرمیە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق یەكێتی چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەكات، ئاماژەی بەوەكرد،"ئێـمە وەك یەكێتی هەركەس دەربچێت مامەڵەی سەرۆك كۆماری لەگەڵ دەكەین، د.لەتیف-یش ئەگەرچی كاندیدی نافەڕمی ئێـمەیە و بەڵام ئێمـە كار بۆ كاندیدە فەرمیەكەی خۆمان دەكەین، بەڵام لەحاڵەتی دەنگهێنان و دەرچونی بێگومان وەك یەكێتی و پشكی یەكێتی لە سەرۆك كۆمار مامەڵەی لەگەڵ دەكەین و بە هی خۆمانی دەزانین."


رونیشیكردەوە، ئەگەر پێویست بكات هەوڵ دەدرێت د.لەتیف پەشیمان بكەینەوە، بەڵام تا دوێنێش قسەمان لەگەڵ كرد ئەو هەر سورر بووە و بەهەموو سەكردایەتی یەكێتی وت كە بەڕەزامەندی بێت یاخود نا خۆی كاندید دەكات، هەرچەندە ئەو زۆری پێخۆش بوو سەركردایەتی یەكێتی دەنگی لەسەر بدات، بەڵام ئەوە نەكرا، ئەوەی من ئاگاداربووم ئامادەكاری كردووە و پەیوەندی بەزۆر لایەن كردبوو بۆیە ڕەنگە ئێستا خۆی كاندید كردبێت.


ئەسەسەرد لەبارەی بەجێهێشتنی كۆبونەوەكە لەلایەن (مەلا بەختیار)ەوە هێمای بۆ ئەوەكرد، "خۆی ئامادەبون و جێهێشتن و دەنگدان لەو كۆبونەوەیە ئازادانە بوو، هەوڵدرا هیچ كێشەیەك لەنێوان كاندیدەكان دروست نەبێت، هەوڵی یەكپارچەیی سەركردایەتی درا، مەلا بەختیار پێم وایە خۆی دۆخێكی تایبەتی هەبوو نەیویست لەم دۆخەدا كێشە دروست بێت، دەبێت ڕێز لەم هەڵوێستەی بگیرێت.خۆی بەڕەزامەندی خۆی كشایەوە ، مانەوە سێ كاندید، دوانیان ئەندامی سەركردایەتی نەبوون، بەڵام د. بەرهەم بەهۆی ناوەرۆكی نامەكەیەوە كە خوێندرایەوە و پەسەندكرا وەك ئەندامی سەركردایەتی مامەڵەی لەگەڵ كرا، هەروەها كشانەوەی مەلابەختیار ڕێی خۆشكرد د.بەرهەم دەنگی زۆرینە بهێنێت."
 
















زۆرترین بینراوەکان