پەیامێك ئاڕاستەی‌ هێزەكانی‌ پێشمەرگە و ناوخۆ دەكرێت


نەتەوە  |   09:58:12 2018-09-17  |   (10,220) جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی‌ ناوخۆی "هەرێم" رونكردنەوە لەبارەی‌ داواكاری ژمارەیەك لە هێزەكانی پێشمەرگە دەدات، كەداوای گواستنەوەی راژە و میلاكیان بۆ وەزارەتی‌ ناوخۆ دەكەن و بەرپرسێكی‌ ئەو وەزارەتەش رایدەگەیەنێت، بەهۆی‌ ئەوەی‌ موچەی‌ ناوخۆ زیاترە خواست بۆ گواستنەوە زیاد دەكات و ئەو پرۆسەیەش بە قورس ناودەبات.
A+    A-

 

لیوا بەختیار تاهیر بابان راوێژكاری‌ سەربازی لەوەزارەتی‌ ناوخۆی حكومەتی‌ هەرێم رایگەیاند: ئەو داوایەی كەژمارەیەك لەهێزەكانی‌ پێشمەرگە ئاڕاستەی‌ وەزارەتی ناوخۆیان كردووە وەڵامیان نەدراوەتەوە، بەپێی‌ زانیارییەكان تائێستاش رەزامەندی لەسەر داواكەیان نەدراوە بۆ گواستنەوەی‌ راژە و موچەیان لە وەزارەتی‌ پێشمەرگەوە بۆ سەر وەزارەتی‌ ناوخۆ.


ناوبراو رونیشكردەوە، وەزارەتی‌ ناوخۆ و كارمەندانی‌ بەراورد بەوەزارەتی‌ پێشمەرگە موچەیان زیاترە، بۆیە ئەو  داوایە ئاڕاستەی‌ ناوخۆ دەكرێت و ئەوەشی نەشاردەوە ئەگەر بۆ كەسێك بكرێت ئەوا تەواوی هێزەكانی  پێشمەرگە ئەو داوایە دەكەن، لەوكاتەدا لە وەزارەتی‌ ناوخۆش ناتوانرێت شوێنی‌ پێویستیان بۆ دابین بكرێت.


وتیشی: ئەو داوایانە سەرجەمی ئاڕاستەی‌ وەزیری ناوخۆ دەكرێت كە لەهەمانكاتدا وەزارەتی‌ پێشمەرگەش بە وەكالەت بەرێوەدەبات و ئەگەر رەزامەندی لەسەر داواكانیان بدات گرفت بۆ میلاكی وەزارەتی‌ پێشمەرگەش دروستدەبێت، بەتایبەت كەناوخۆ موچەی‌ زیاترە و هەمووی ئەو داوایە بەرزدەكاتەوە.


بەختیار تاهیر بابان لە كۆتایی لێدوانەكەی بۆ سایتی تۆڕی هەواڵی سلێمانی ئەوەشی‌ خستەڕوو، رێنمایی و یاساكانی‌ تایبەت بەكاركردنی‌ ئەو دوو وەزارەتە جیاوازی هەیە،"ئەوەشدەكات گواستنەوەی‌ راژە و میلاك لەپێشمەرگەوە بۆ ناوخۆ تارادەیەك قورستر بێت".
 
















زۆرترین بینراوەکان