بۆ ماوەی دوو رۆژ كارەبای نیشتمانیی نامێنێت


نەتەوە  |   16:13:16 2018-09-14  |   (511) جار خوێندراوەتەوە

بڕی بەرهەمهێنانی كارەبای هەرێمی كوردستان زیاد دەكرێت و وتەبێژی وەزارەتی كارەباش زانیاری لەوبارەیەوە دەخاتەڕوو، بەڵام رایدەگەیەنێت: بەمەبەستی زیادكردنی پێدانی غازی سروشتیی بە وێستگەكان، بۆ ماوەی 48 كاتژمێر پێدانی كارەبا رادەگیرێت.
A+    A-


محەمەد ئەمین هەورامی، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم، رایگەیاندووە: لەبەر بارودۆخی گەرما، زیادكردنی غازی سروشتیی بۆ وێستگە غازییەكان دواخراوەو ئەگەری هەیە لە كۆتایی ئەم مانگەدا بكرێت، بەڵام هیچ رۆژێك دیاریی نەكراوەو ئەوە كارێكی هونەرییەو وەك وەزارەت رەزامەندییان لەسەر نەداوە کە ئێستا جێبەجێ بكرێت، تا بەو هۆیەوە خەڵك بێ كارەبا نەبێت.

 

لەوبارەیەشەوە بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی-ی راگەیاندووە: " كارەبا لەڕێگەی وێستگەی ترەوە بۆ نەخۆشخانەو شوێنە گشتییەكان و پڕۆژەكانی ئاو دابین دەكەین، بەڵام كێشەی سەرەكیی لە شوێنە گەرمەكانە، كە ناكرێت كارەبای نیشتمانیان نەبێت و روونیشیدەکاتەوە کە لەزۆرترین حاڵەتیشدا بڕانی كارەبا بەهۆی زیادكردنی بەشەغازەوە، لە 48 كاتژمێر زیاتر ناخایەنێت".

 

لەبارەی زیادكردنی غازی سروشتیشەوە بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا، ئەوبەرپرسەی وەزارەت ئەوەی ئاشكراكردووە: بەگوێرەی گرێبەستەكە لەگەڵ كۆمپانیای دانەغاز، لەقۆناغی یەكەمدا بڕیارە 100 ملیۆن پێ سێجا غاز بۆ وێستگەكان زیاد بكات، بەوەش بەرهەمهێنانی كارەبا بەبڕی (350-400) مێگاوات زیاد دەكات.

 

ئاماژەشی بەوە داوە کە لەئێستادا رۆژانە نزیكەی 14 سەعات كارەبای نیشتمانی دەدرێت بە هاووڵاتیان لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستاندا.

 

بەڵام دەڵێت: "لەمەودوا وردە وردە خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەبا کەمدەبێتەوە، ئەمەش دەبێتەهۆی ئەوەی سەعاتەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی زیاد ببێت و كارەبای موەلیدەی ئەهلی كەم ببێتەوە."
















زۆرترین بینراوەکان