چیرۆكی ئه‌و گه‌نجه‌ی هه‌ولێر، کە به‌هه‌ڵه‌ لە بری کەسێکی تر كوژرا


نەتەوە  |   11:46:18 2018-09-14  |   (1,732) جار خوێندراوەتەوە

سالار سدیق ره‌نگه‌ هه‌رگیز به‌خه‌یاڵیدا نه‌هاتبێت له‌ بری كه‌سێكی تر بكوژرێت، به‌ڵام كاتژمێر نۆی شه‌وی 12ی ئه‌یلول له‌ شاری هه‌ولێر ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانی نه‌ده‌كرد به‌سه‌ریدا هات، كاتێك له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك چه‌كداری نه‌ناسراوه‌وه‌ له‌بری كه‌سێكی تر كوژرا.
A+    A-

 

سالار، كه‌ته‌مه‌نی 34 ساڵ بوو، به‌ ئۆتۆمبیله‌كه‌ی له‌ نه‌خۆشخانه‌ی سویدی له‌ هه‌ولێر ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ كاتێك له‌ شه‌قامی 100 مه‌تری ته‌قه‌ی لێكرا و كوژرا، ئه‌و نه‌یده‌زانی نهێنی كوشتنه‌كه‌ی له‌خۆیدا نییه‌، به‌ڵكو له‌و ئۆتۆمبێله‌دایه‌ كه‌ پێی رۆیشتووه‌ته‌وه‌ كه‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مه‌ له‌ كه‌سێكی تری كڕیوه‌، كه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا چه‌كداره‌كان مه‌به‌ستیان ئه‌و كه‌سه‌ بووه‌ بیكوژن، کە خاوەنی ئۆتۆمبێلەکە بووە، نه‌ك سالار، ئه‌وه‌ش به‌پێی گێڕانه‌وه‌ی كه‌سوكاری قوربانییه‌كه‌.


هێمن رۆستی، پورزای سالار كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌هێز بووه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، "سالار كێشه‌ی له‌گه‌ڵ كه‌س نه‌بووه‌ به‌ڵام ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك بوو سالار ئۆتۆمبێلی له‌ پزیشكێكی هاوڕێی كڕیبوو، له‌ هه‌مان ئه‌و نه‌خۆشخانه‌ی كه‌ خۆی كاری لێده‌كرد و ئێستا ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ پێش ماوه‌یه‌ك كه‌سێك له‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ له‌ژێر ده‌ستی ئه‌و پزیشكه‌ی كه‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ی به‌ سالار فرۆشتووه‌ گیانی له‌ده‌ستداوه‌، كه‌ پزیشكی سڕكردن بووه‌، بۆیه‌ بنه‌ماڵه‌ی ئه‌وكه‌سه‌ش هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن و تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌یان له‌و پزیشكه‌ كردووه‌".


ناوبراو له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌ی بۆ سایتی دواڕۆژ وتیشی: دیاره‌ ئه‌وانیش چاودێری پزیشكه‌كه‌یان كردووه‌، بۆیه‌ له‌كاتی ته‌قه‌كردن له‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ وایان زانیووه‌ پزیشكه‌كه‌یه‌ به‌ڵام سالاری پورزام بوو".


له‌ئێستادا پۆلیسی هه‌ولێر لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار سه‌رگه‌رمی لێكۆلێنه‌وه‌ له‌و روداوی كوشتنه‌ كه‌ ئه‌وانیش گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌وه‌ی سالار سدیق به‌هه‌ڵه‌ كوژراوه‌.

 

هاوكات پۆلیسی هەولێر لە هەژماری فەرمی خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك بڵاوی كردەوە كە پۆلیس دۆسیەی بۆ ئەم ڕووداوە کردبووەوە و دەست بەلێکۆڵینەوە کرابوو، دوای ماوەیەکی کەم لە ڕووداوەکە توانرا بکەری سەرەکی تاوانەکە دەستگیر بکرێت لە شارۆچکەی کۆیە.


تۆمەتبارەكەش دوای دەستگیرکردنی دانی بەتاوانەکەیدا ناوە و رایگەیاندووە كە بەهەڵە تاوانەكەی ئەنجام داوە.
















زۆرترین بینراوەکان