پێنج هاودیدی هاوپه‌یمانی وازهێنانی خۆیان راگه‌یاند


نەتەوە  |   00:14:58 2018-09-14  |   (420) جار خوێندراوەتەوە

پێنج هاودیدی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، كه‌ به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وازهێنانیان له‌و حزبه‌ راگه‌یاند و باسی له‌وه‌كردوه‌، کە  "سەرۆكی هاوپەیمانییەکە، حزبەكەی بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی دروستكردوە".
A+    A-

 

هاودیده‌كان لە ژێر ناوی "بۆ پشتگیری هاوپەیمانیمان كرد و بۆچیش وازمان لێی هێنا؟" راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یان به‌ناوی خۆیانه‌وه‌ بڵاوكردوه‌ته‌وه‌ و ده‌ڵێن: "گەیشتینە ئەو باوەڕەی سەرۆكی هاوپەیمانی، حیزبەكەی تەنها بۆ بەرزكردنەوەی رەسیدی پێگەی سیاسی و ئابووری خۆی دروستكردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی دیکەدا مامەڵەی پێوە بكات و لەو رێگایەشەوە دەستی بە پۆستێكی باڵا بگات."


له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئه‌و هاودیده‌ ده‌ستله‌كارکێشاوانه‌ وتویانه‌: "نیگەرانییەكانمان بە سەرۆكی هاوپەیمانی راگەیاند، بەڵام گوێمان لێنەگیرا، مخابن تادەهات هەیمەنەی خۆی زێتر دەكرد و خۆی لە كاری تیم و دامەزراوەیی و ڕاوێژكردن بەدوور دەگرت و بە پێشنیار و ڕەخنەكان قەڵس دەبوو، تەنها گوێی لەو كەسانە دەگرت كە بە هەموو قسەیەكی دەڵێن " بەڵێ ڕاستە".

 

دەقی راگەیه‌ندراوەکەی پێنج هاودیدەکە:

 

هەرێمی كوردستان، لە ماوەی بیست و حەوت ساڵی حوكمڕانی پارتی و یەكێتی دا، بە دۆخێكی پڕ لە گرفت و شكستی سیاسی، ئابوری، سەربازی، كۆمەڵایەتی و خراپی ژیان و بێ خزمەتگوزاری تێپەڕی. لە سایەی حوكمڕانی ئەو دوو حزبەدا، چەمكی دیموكراسی، یەكسانی و دروستكردنی پایەكانی كۆمەڵگەیەكی تەندروست و خۆشگوزەران بەتەواوی لەباربردرا و هەرچی هونەر، جوانی، خۆشەویستی و كەسایەتی تاكی كۆمەڵگەی كوردستان بوو، تێكشكێندرا.

ئەو مۆدیلە حوكمڕانییەی كوردستان، خەڵكی توشی بێئومێدییەكی قول كرد، كە هەم حزبە بالادەستەكانیان بە هۆكار دەزانی و هەم لە سیاسەت و هەنگاوەكانی حزبە بەناو ئۆپۆزیسیۆنەكانیش نائومێد ببون، بەجۆرێك كە هیوایەكی ئەوتۆیان نەمێنێ و لە چاوەڕوانی ئەلتەرنەتیڤێكی تردابن. هێزێك بە بەرنامەیەكی نوێوە بێتە كایەوە كە تەنها بەرژەوەندی خەلك و خاك چەقی كار و بەرنامەكانی بێت، لەوسەرەبەندەدا دكتۆر بەرهەم خۆی وەكو ئەو ئەلتەرنەتیڤە نمایشكرد و لە یەكێتی هاتەدەرەوە، بەمەبەستی ئاڵوگۆڕ لە سیستەمی حوكمڕانی و دروستكردنی حوكمڕانییەكی رەشید، رایگەیاند كە ماڵئاوایی لە یەكێتی كردوە، لە تەواوی دیدار و كۆڕ و كۆبونەوەكانیدا دەیوت: "هۆی هاتنەدەرەوەم، لەسەر چۆنیەتی ئیدارەدانی حزب و جیاوازی تێڕوانینمە لەسەر سیستەمی حوكمڕانی كوردستان، لەناو یەكێتی پۆستم هەبووە و پۆستی باڵاتریشیان پێدەدام، بەڵام ڕەتمكردۆتەوە، دەمانەوێت باری لاری حوكمڕانی كوردستان راست بكەینەوە، من چاوم لە پلەوپایە نەبووە، چونكە پلەو پۆست لە سیستەمێكی گەندەڵدا نرخێكی نیە، ئیتر بەسە چیتر ئەو ووڵاتە بە پشكپشكێنە و خزمخزمێنە و قۆرخكاری بەڕێوەناچێت، بەردەوام دەبین تا دەگەینە ئامانج".

خەڵكێكی زۆر دڵسۆز، پاك، شارەزا، بەتوانا و خاوەن باكگراوندێكی مەعریفی، لەدەوری پڕۆژەكەی كۆبونەوە، بەوهیوایەی گۆڕانكاری لەدۆخی ئێستای كوردستان دروستببێ، لەئەنجامدا بیرۆكەی (هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری) لێهاتە بەرهەم، بەدەیان كەسی ئەكادیمیست، ڕۆژنامەنوس، میدیاكار، سیاسی، كەسایەتی كۆمەڵایەتی و ئاینی، و گەنجانی خوێن گەرم و دڵپاك باوەشیان بۆ هاوپەیمانی واڵاكرد و بەپەرۆشی و دڵسۆزی و ئومێدەوە شانیان خستەبەر پڕۆژەكە و ڕووبەڕووی گرفت و هەڕەشەكانیش بوونەوە.

لێرەدا پێویستە ئەو راستیەش بدركێنین كە هاوپەیمانی حزبێك نەبوو لە پڕێكدا قووت بووبێتەوە، بەلكو بەرهەمی كاری نزیكەی سێ بۆ چوار ساڵی پێشتری كەسانێكی لەخۆبوردوو بوو بەناوی (دەستەی راوێژ بۆ پرسەكانی سەردەم)، كە ئومێدمان بەوەبوو لەو رێگەیەوە بتوانین ئەركی مێژوویی سەرشانمان بەجێ بگەیەنین كە لەئاستی قۆناغەكەدابێت، بەبێ ئەوەی هیچ كام لەو دەستە كادرە چاویان لەهیچ پلەو پۆستێك بوبێت یا كاندیدی لیستەكانی هاوپەیمانی بوبن لەهیچ كام لەهەڵبژاردنەكاندا. 

باوەڕی ئێمە بە هاوپەیمانی لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو كە دوور لە موزایەدەی سیاسی تاكە هێز دەبێت بەرگری لە مافەكانی خەلك بكات و هەولی گۆڕینی گوزەرانیان بدات بۆ ژیانێكی شایستە، و گێڕانەوەی قوت و داهاتەكانیان لەدەست پاوانخوازان. كاری جدی بكات بۆ سەروەریی یاسا، فەراهەمكردنی شەفافیەت لە داهاتی ولات، بواری هاوتا دەرەخسێنێ‌ لەبەردەم تاكەكان و دیموكراسیەت دەستەبەر دەكات و پانتایی ئازادییەكان بەرفراوانتر دەكات، كە هەموو ئەمانە لەو بەرنامەیەی هاوپەیمانیدا هاتووە كە ئێمە ماوەیەكی زۆر شەونخونیمان لە ئامادەكردن و نوسینەوەیدا كردووە و پێمان وابوو لەمەیدانی پراكتێكدا بە پشتیوانی خەلكی كوردستان دەتوانین جێبەجێی بكەین. هەر لەو روانگەیەشەوە خەڵكێكی زۆر ئومێدیان لەسەر هەڵچنیبوو.

بەلام بەداخەوە، ئەو ئومێدانە لەگەل سەرەتای دروستبوونی قەوارەكەدا كاڵ بوونەوە و تێبینی زۆرمان لا دروستبوو، هەر لە نەبوونی شەفافیەت و دیموكراسی و دادپەروەرییەوە لەنێو قەوارەكەدا، تا باوەڕ نەبوون بە دامەزراوە و نەبوونی كاركردنی تیم و ئەنجامدانی كاری تاك ڕەوانەو كاركردنی بە میزاج، بردنە پێشەوەی كەسانێك كەتەنها بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان رەچاو دەكرد، نەبوونی روئیایەكی روون بۆ داهاتووی كاری قەوارەكە، نەبوونی هەڵوێستی سیاسی لە كۆمەلێك رووداوی گرنگی كوردستان و عیراق و ناوچەكەو چەندانی تر.

بۆ راستكردنەوەی هەڵوێست و هەنگاوەكان، ئێمە ئەو دەستە كادیرە كەبەشێوەیەكی نافەرمی دامەزرێنەری حەقیقی هاوپەیمانی بووین، لە نێو حزبەكانی خۆماندا دەستمان لەهەموو پلەو پۆست و ئیمتیازاتێك هەڵگرتبوو، بە گەرموگوڕی و نییەتپاكی هەوڵەكانمان بۆ سەرخستنی پڕۆژەكە خستەگەڕ، بەو ئومێدەی هەم سەرۆكی هاوپەیمانی جیاوازترە لە سەرۆكی حزبە تەقلیدیەكان و هەم هاوپەیمانیش مۆدیلێكی تەندروست و پێشكەوتووی حزبایەتی دادەهێنێت، بەڵام بەداخەوە نە سەرۆكی هاوپەیمانی جیاوازتر بوو لە سەرۆكە تەقلیدیەكان و نە هاوپەیمانیش مۆدیلی حزبەكانیتری تێپەڕاند، بەپێچەوانەوە هەوڵی تێكشكاندنی ئیرادەو توانای كەسایەتی هەموو ئەوانە دەدرا كە لەناو هاوپەیمانیدا رەخنەی جدیان هەبوو.

بەر لە كۆنگرەی دامەزراندن، سەرنج و ڕەخنە و مەترسییەكانمان خستە ڕوو، لەكاتی كۆنگرەشدا، لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی كۆنگرەكە، نیگەرانییەكانمان بە سەرۆكی هاوپەیمانی راگەیاند، بەڵام گوێمان لێنەگیرا، مخابن تادەهات هەیمەنەی خۆی زێتر دەكرد و خۆی لە كاری تیم و دامەزراوەیی و ڕاوێژكردن بەدوور دەگرت و بە پێشنیار و ڕەخنەكان قەڵس دەبوو، تەنها گوێی لەو كەسانە دەگرت كە بە هەموو قسەیەكی دەڵێن " بەڵێ ڕاستە".

تادەهات وردەوردە گومانەكانمان زیادیدەكرد، تا گەیشتینە ئەو باوەڕەی سەرۆكی هاوپەیمانی، حزبەكەی تەنها بۆ بەرزكردنەوەی رەسیدی پێگەی سیاسی و ئابوری خۆی دروستكردوە بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی تردا مامەلەی پێوە بكات و لەو ڕێگایەشەوە دەستی بە پۆستێكی باڵا بگات.  

لەئەنجامی ئەم هەڵە كوشندانەی كران، هەم لە هەلبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی رابردوو (سەرباری بوونی ساختەكاریی زۆر لەلایەن هەردوو حزبی بالادەستەوە) كە هاوپەیمانی شكستی هێنا، سەرۆكی هاوپەیمانی هەر بەوەندە نەوەستا بەلكو لەپێناو گەیشتن بە ویستەكانی، بەرنامەی هاوپەیمانی و ئومێدی خەڵكی كوشت و (بە بیانووی ساختەكارییەوە) لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا كشایەوە، كە لە راستیدا بەلای ئەوەوە ئەمە تەنها بیانوو بوو، چونكە زۆر هەولی شاراوەو رێكەوتنی ژێربەژێر لەپشتیا خۆیان مەلاسدابوو، لەوەدەست هێنانی تموحێكی شەخسیدا چڕبوو بووەوە، هەموو ئەمانە هەم ئێمەو هەم خەلكیشی نائومێدكرد.

ئەگەر وا نیە بۆچی دەبێ هاوپەیمانی كە لەسەر بناغەی ڕووبەڕوو بوونەوەی سیاسەتی پاوانخوازی (سەرۆكی هاوپەیمانی وتەنی) جوت حزب و بنەماڵە دامەزرابوو، دەیان جار لە دەرگای بارەگای هەردوو حزب و لەدەرگای ماڵی هەردوو بنەماڵەیدا و لەوپێناوەدا لەگەڵیان كۆبووەوەو هانای بۆ بردن!

بەهۆی ئەم هۆكارانەی سەرەوە، هەندێكمان بەر لە گۆنگرە و هەندێكیشمان لەكاتی كۆنگرە و ڕاستەوخۆ دوای كۆنگرە وازمان هێنا، لەگەڵ ئەوەشدا بەتێكڕا بێدەنگیمان هەڵبژاردو لە راگەیاندنەكاندا هیچ قسەیەكمان نەكردووەو نەمانویستووە بەشێك بین لەشكستی رێكخراوێك كە خۆمان بەشێك بووین لە بنیاتنانی و شكستەكەی نەخرێتە ئەستۆی ئێمەوە، ئێستاش پێمانوایە هاوپەیمانی و سەرۆكەكەی بوونەتە هۆی زیاتر بێئومێدكردنی خەڵك لە ئۆپۆزسیۆن و هاتنە مەیدانی كەسایەتی سیاسی تر و دروستكردنی گۆڕانكاری، دڵنیاشبووینەوە لەوەی هاوپەیمانی بۆ بەڵێنی دورینی پۆستێكی باڵا بۆ سەرۆكەكەی بەكار هێنراو غەدرێكی مێژوویی لە خەڵكی كوردستان كرا، هەر بۆیە بە پێویستمان زانی لەم یاداشتەدا هەڵوێستی خۆمان بە راشكاوی رابگەیەنین و ئەو راستیانەی سەرەوە بۆ خەڵكی كوردستان ئاشكرا بكەین. بۆ هەموو ئەم راستیانەش بەڵگەو دەكۆمێنتمان لەبەردەستایەو لەكاتی خۆیدا ئەگەر پێویست بكات سەرجەمیان بە وردەكارییەوە دەخەینە بەردەم رای گشتی.

لەگەل رێزدا

1- رازاو مەحمود- ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان و ئەندامی ئەنجومەنی گشتی هاوپەیمانی.
2- گەشە دارا- ئەندامی پەرلەمانی كوردستان.
3- جەواد سەعید- پێشمەرگەی دێرین و راوێژكاری پەرلەمانی كوردستان، ئەندامی ئەنجومەنی گشتی هاوپەیمانی.
4- رێزان عارف- ئەندامی ئەنجومەنی گشتی هاوپەیمانی.
5- د.سەروەر عبدالرحمن عمر- ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمان كوردستان.
 
















زۆرترین بینراوەکان