حكومەتی هەرێم سەرقاڵی دەستكاریكردنی پرۆژەیەكە سەبارەت بە موچە  


نەتەوە  |   13:39:13 2018-09-13  |   (4,143) جار خوێندراوەتەوە

حكومەتی "هەرێم" سەرقاڵی تاوتوێكردنی دەستكاریكردنی یاسای خانەنشینی هێزەكانی ئاسایش، پۆلیسە و بەشێك لە دەرماڵەكانیان دەكات بە موچەی بنەڕەتی، هاوكات چەند زانیارییەك لەوبارەیەوە دەخرێتەڕوو.
A+    A-

 

لەوبارەیەوە جەلال شێخ كەریم، بریكاری وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم لە لێدوانێكدا بۆ سایتی خەڵك رایگەیاند، لەگەڵ پەرلەمان سەرقاڵی داڕشتنەوەی تەواوی پرۆژەیاساكەن.


ناوبراو وتیشی، موچەی خانەنشینی هێزەكانی ناوخۆ و ئاسایش كەمە، دەبێت دەستكاریكە بەجۆرێك بێت، خەڵكی كوردستان و كارمەندان زیانیان پێ نەگات، بەڵام تائێستا بڕیاری كۆتایی نەدراوە.


بەپێی زانیارییەكان حكومەتی هەرێم ناتوانێت یاساكەی بەغداد جێبەجێ‌ بكات، و بیری لە گۆڕینی بەشێك لە دەرماڵە كردۆتەوە بۆ موچەی بنەڕەتی، بەشێوەیەك 10%ی كۆی موچە و دەرماڵە دەكرێت بە موچەی بنەڕەتی و بەوەش موچەی بنەڕەتی زیاد دەكات و پاشان بە هەمان شێوەی فەرمانبەرانی مەدەنی خانەنشین دەكرێن، بۆ نمونە كارمەندێكی پۆلیس ئەگەر تەواوی موچە و دەرماڵەكەی ملیۆنێك بێت، ئەوا 100 هەزاری دەكرێت بە موچەی بنەڕەتی و بەپێی خزمەتی مەدەنی خانەنشین دەكرێت.


سەبارەت بەوەی ئایا دەكرێت، كارمەندانی ناوخۆ و ئاسایش وەك مەدەنی خانەنشین بكرێت، بریكاری وەزارەتی ناوخۆ وتی: ناكرێت وەك مەدەنی بێت، بەڵام ئەوەی ئێستا زۆر كەمە، دەبێت دەستكاری بكرێتەوە و حكومەت رێگەیەكی تر بگرێتەبەر.


خانەنشینكردنی كارمەندانی ئاسایش و پۆلیسی حكومەتی هەرێم بەپێچەوانەی حكومەتی عێراقەوە، بە یاسای كۆنی عێراق خانەنشین دەكرێن، بۆ نمونە ئەگەر موچەی بنەڕەتی كارمەندێكی ئاسایش، دوای نزیكەی 20 ساڵ خزمەت، 400 هەزار بێت، ئەوا موچەی خانەنشینی دەبێت 380 هەزار دینار، لەكاتێكدا لە عێراقدا ئەو كارمەندە 80%ی تەواوی موچە و دەرماڵەكەی وەردەگرێت.
 
















زۆرترین بینراوەکان