حكومەتی‌ هەرێم زیانێكی‌ گەورەی‌ كەرتی‌ نەوت ئاشكرادەكات


نەتەوە  |   12:28:41 2018-09-13  |   (270) جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی‌ حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، "بەهۆی هەناردەنەكردنی‌ نەوتی‌ كەركوك بۆ بەندەری‌ جەیهان لەمساڵدا، حكومەتی‌ عێراق پێنج ملیۆن دۆلار زیانی‌ بەركەوتوە"، هەروەها دوا هەڵوێستی‌ هەرێمی‌ كوردستان لەبارەی‌ بۆردومانەكەی‌ كۆیە لەلایەن كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێرانەوە ڕادەگەیەنێت.
A+    A-

 

سەفین دزەیی وتەبێژی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان لەكۆنگرەیەكی‌ ڕۆژنامەوانیدا لەشاری‌ هەولێر ئاماژەی‌ بەبۆردومانەكانی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ بۆسەر شاری‌ كۆیە كردو رایگەیاند، "ناكرێت خاكی‌ هەرێم بۆ هێرشكردنەسەر هیچ لایەنێك بەكاربهێندرێت".


ناوبراو وتیشی: "جگەلەوەش لەبۆردومانكردنی‌ ناوچە سنوریەكان، نابێت هاوڵاتیانی‌ سڤیل بكرێنە ئامانج و بەهەموو شێوەیەك ئیدانەی‌ كاری‌ لەو شێوەیە دەكەین".


وتەبێژی‌ حكومەتی‌ هەرێم باسی دۆخی‌ ناوچە دابڕێندراوەكان كردو وتی، "ئەو ناوچانەی‌ پێشتر هێزی پێشمەرگەی‌ تێدابوە دۆخی‌ ئەمنیان جێگیربوە، بەڵام دوای‌ كشانەوەی‌ هێزەكانی‌ پێشمەرگە تاڕادەیەك دۆخی‌ ئەو ناوچانە ناجێگیرە".


لەبەشێكی‌ دیكەی‌ كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەكەدا سەفین دزەیی ئاماژەی بە گەڕانەوەی‌ پێشمەرگەی‌ بۆ ناوچە دابڕێندراوەكان كردو وتی‌:"تائێستا بڕیاری گەڕانەوەی‌ هێزی پێشمەرگە بۆ ئیدارەدانی‌ ئەو ناوچانە نەخراوەتەبواری جێبەجێكردنەوە، هەرچەندە پێشتر باسی لێوەكراوە كە ئیدارەدانی‌ دۆسیەی‌ ئەمنی‌ ئەو ناوچانە  بەهەماهەنگی‌ لەنێوان هەرێم و بەغداو هاوپەیماناندا دەبێت".


ناوبراو زیانێكی‌ گەورەی‌ كەرتی‌ نەوتی‌ ئاشكراكرد كە بەر حكومەتی‌ عیراق كەوتوە و وتی:"پێشتر حكومەتی‌ هەرێم پێشنیازێكی‌ بۆ بەغدا كردوە كە تایبەتبووە بەهەناردەی‌ نەوتی‌ كەركوك كە ڕۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوتی‌ كەركوك بۆ دەرەوە هەناردەبكرێت، دەبوو داهاتەكەی‌ بگەڕێتەوە بۆ هەموو عیراق".

 

ئەوەشی خستەڕوو، "تائێستا ئەو پێشنیازە كاری‌ لەسەرنەكراوەو بەو هۆیەشەوە لەمانگی‌ یەكی‌ ئەمساڵەوە تائێستا حكومەتی‌ عیراق بەهۆی هەناردەنەكردنی‌ نەوتی‌ كەركوكەوە، پێنج ملیۆن دۆلار زیانی‌ بەركەوتوە".
















زۆرترین بینراوەکان