تەرمی چوار كەس دۆزرانەوە.. سیانیان پێشمەرگەن


نەتەوە  |   10:37:23 2018-09-13  |   (704) جار خوێندراوەتەوە

لە قەزای "حەویجە"ی سەربە پارێزگای كەركوك، لەكاتی هەڵدانەوەی گۆڕێكی بەكۆمەڵدا تەرمی چوار كەس دۆزرانەوە، كە سیانیان پێشمەرگەن و تەنیا ئێسكوپروسكیان ماوە.
A+    A-

 

لەوباریەوە حسێن عەلی، فەرماندەی لیوای ٥٦ی حەشدی شەعبی ڕایگەیاند، تەرمی ئەو چوار كەسە ٩ی ئەم مانگە لە خانوویەكی تەواونەكراودا لەنزیك ناوچەی پیشەسازی لە حەویجە دۆزراونەتەوە.


ناوبراو لە درێژەی لێدوانەكەی بۆ سایتی ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوەكرد، بەپێی ناسنامەی ئەو چوار كەسە، كە لە شوێنی ڕووداوەكەدا دۆزراونەتەوە، سیانیان كوردن و پێشمەرگەن و ئەوەی دیكەشیان هاوڵاتییەكی عەرەبە، وتیشی: تەرمەكانیان ڕەوانەی پزیشكی دادی كەركوك كراوە و لێكۆڵینەوەش لە ڕووداوەكە بەردەوامە.


بەپێی ناسنامەكانیان، سیانیان ناویان ڕەجەب حەسەن، هۆشەنگ عەبدولڕەحیم و حسێن هادییە، بەڵام ئەوەی دیكەیان ناسنامەكەی سوتاوە و ناوەكەی ناخوێندرێتەوە، هەروەها پێدەچێت مێژووی تەرمەكان بۆ كاتی شەڕی دژی داعش لە ساڵی ٢٠١٤دا بگەڕێتەوە.
















زۆرترین بینراوەکان