ئەمڕۆ چوارشەممە 2018/9/12 رادیۆى (BBC) لە زارى سەرچاوەیەكەوە بڵاویکردووەتەوە کە ژمارەیەك پەرلەمانتار لە پارتى پارێزگاران، كە تیریزا ماى سەرۆکی ئەو حزبەیەو دژى یەكێتیى ئەوروپان، شەوى رابردوو كۆبوونەوەتەوە بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر ئایندەى پۆستى سەرۆك وەزیران.
بەپێى هەواڵەکەی ئەو رادیۆیە، ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران نامەیەكیان ئامادەكردووە بۆ وەرگرتنەوەى متمانە لە ماى، بەپێى پەیڕەوى ناوخۆى پارتى پارێزگارانیش ئەگەر 15%ى پەرلەمانتاران داوابكەن، كە ئێستا ژمارەیان 48 پەرلەمانتارە، داواى هەڵبژاردن بكەن بۆ سەرۆكایەتى حزب و وەرگرتنەوەى متمانە.
ئەو پەرلەمانتارانە، كە خۆیان بە گروپى توێژینەوەى ئەوروپى ناساندووە، ئیدانەى پلانەكانى تیریزا ماى دەكەن بۆ بڕیارى مانەوەى بریتانیا لە ناوچەى بازرگانیى ئازاد، دواى كشانەوە لە یەكێتیى ئەوروپا لە مانگى ئازارى داهاتووداو گروپى ناوبراو رەخنەی ئەوە لە سەرۆک وەزیران دەگرن كە وردەكاریى پێشكەش نەكردووە.