دارایی دوا بڕیار له‌باره‌ی‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ قه‌رز له‌هاوڵاتیان ڕاده‌گه‌یه‌نێت


نەتەوە  |   11:52:34 2018-09-12  |   (2,614) جار خوێندراوەتەوە

لیژنەی‌ دارایی لەئەنجومەنی‌ پارێزگای هەولێر ڕونكردنەوە لەبارە كێشەی‌ بەشێك لەموچەخۆران و هاوڵاتیان دەدات، كە پێشتر قەرزیان لەبانكە ئەهلیەكان وەرگرتوەو بەهۆی قەیرانی‌ داراییەوە توانای گەڕانەوەی‌ ئەو قەرزەیان لەكاتی‌ خۆیدا نییە.
A+    A-

 

نافز ناوپردانی‌ بڕیاردەری‌ لیژنەی‌ دارایی لەئەنجومەنی‌ پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، "پێشتر بەشێكی‌ زۆر لەو قەرزو پێشینانەی‌ كە موچەخۆران و هاوڵاتیان لەحكومەتیان وەرگرتوەو بەهۆی قەیرانی‌ دارایی و پەیڕەوكردنی‌ سیستمی‌ پاشەكەوتی‌ موچەوە وەرگرتنەوەی‌ لەسەر سودمەندبوان ڕاگیراوە".


ناوبراو لە درێژەی لێدوانەكەی بۆ سایتی ئێس ئێن ئێن وتیشی‌:"ئێمە هەوڵماندوە كێشەی بەشێك لەو هاوڵاتیان و فەرمانبەرانە چارەسەربكەین كە پێشتر لەبانكە ئەهلیەكان قەرزیان وەرگرتوەو توانای‌ گێڕانەوەی‌ قەرزەكەیان نییە".


ئاشكراشیكرد، "بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ بەڕێوەبەری‌ بەشێكی‌ زۆر لەو بانكە ئەهلیانە كۆبونەوەمان ئەنجامدا، بەڵام بەوپێیەی‌ ئەوكەسانەی‌ كە قەرزەكەیان وەرگرتوە پێشتر بەڵێننامەیان پڕكردۆتەوە جگەلەوەش ئەو بانكانە سەر بەكەرتی‌ تایبەتن ناتوانرێت هیچ فشارێكیان لەسەر دروستبكرێت و هەوڵەكانمان هیچ ئەنجامێكی‌ نەبوو".


ئەوەشی‌ ڕونكردەوە، "حكومەتیش ناتوانێت داوا لەو بانكە ئەهلیانە بكات كە ئەو قەرزانە لەهاوڵاتیان و موچەخۆران وەرنەگیرێتەوە، چونكە پێشتر بەگوێرەی‌ بەڵگەنامە یاساییەكان بەڵێننامەیان پڕكردۆتەوە كە ئەو پارەیە لەكاتی‌ خۆیدا دەگەڕێنەوە".
 
















زۆرترین بینراوەکان