بە جێبەجێکردنی بڕیارێک كاری بازرگانیی هەرێم  له‌گه‌ڵ ئێراندا دەوەستێت


نەتەوە  |   16:33:53 2018-09-11  |   (312) جار خوێندراوەتەوە

ئێران بە نیازە گومرگی کاڵا ھەناردەکراوەکان بە دۆلار وەربگرێت و بازرگانێکیش رایدەگەیەنن ئەگەر ئێران ئەو کارە بکات، ئەوا  بازرگانی لەگەڵیاندا دەوەستێت.
A+    A-


لوقمان عومەر، بەڕێوەبەری فرۆش لە کۆمپانیای بورھان رایدەگەیەنێت: "حکومەتی ئێران بڕیاریداوە بۆ لەمەودوا مادە ھەناردەکراوەکانی بۆ عێراق بە دۆلار گومرگ بکات و ئەو دۆلارەش بە نرخی بانکی حکومی وەردەگرێت، کە سەرو 400 ھەزار تمەنە، بەمەش بازرگانان زیانی زۆر دەکەن، ئەگەر دۆلار بەو نرخە بگۆڕدرێتەوە".

 

لەو رووەشەوە بە سایتی دواڕۆژ-ی وتووە: "ئەگەر ئەو بڕیارە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوا بازرگانان ناتوانن بەوشێوەیە کاری بازرگانیی لەگەڵ کۆمپانیاکاندا بکەن و بەتەواوی کاری بازرگانی دەوەستێت كە ئەمەش زیانێکی گەورە بە کاری بازرگانی ھەردوولا دەگەیەنێت".

 

ئێستا ئێران سەرقاڵی بەھێزکردنەوەی دراوەکەیەتی لە بازاڕەكانی جیھانداو ھەوڵەکانیشی بەردەوامە بۆ رێکخستنەوەی بازاڕو ئابووریی وڵاتەکەی.

 

لەلایەکی دیکەشەوە نەوزاد غەفور، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی دەڵێت: "بڕیارێکی لەو شێوەیە هەیە، بەڵام هێشتا جێبەجێ نەکراوەو ئەگەر جێبەجێی بکرێت، زیان بەر بازرگانانی ھەردوولا دەکەوێت و کاری بازرگانیی بەتەواوی لاواز دەبێت، ھەربۆیە پێمان وانییە شتێکی لەو شێوەیە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە".

 

ئەو بڕیارە سەوزەو میوەو ترانزێت ناگرێتەوە، تەنھا مادە ھاوردەکراوەکانی خۆراکیی و پێداویستیی ناو ماڵ و چەند بەرھەمێکی تری ئێرانی دەگرێتەوە.

 

لای خۆشییەوە عەتا محەمەد، نوێنەری بازرگانانی عەلوەی سلێمانی دەڵێت: "ئێمە بەدواداچوونمان بۆ ئەو بڕیارە کردووە، بەڵام پێیان وتوین کە سەوزەو میوە ناگرێتەوەو تائێستاش جێبەجێ نەکراوە، لە ئەگەری کارکردن بەو بڕیارەش پێدەچێت خاوبوونەوە لەکاری بازرگانیدا رووبدات".
















زۆرترین بینراوەکان