منداڵێك بەهۆی سوننەتكردنەوە ئەندامی نێرینەی دەفەوتێ‌ 


نەتەوە  |   09:24:56 2018-09-11  |   (3,132) جار خوێندراوەتەوە

جەلال قاسم، منداڵە كوڕەكەی بردە "نۆڕینگەیەك" بۆ ئەوەی سوننەتی بكات، بەڵام سوننەتكردنەكە لە منداڵەكە بووە نەخۆشی و پزیشكەكان دەڵێن بەو هۆیەوە ئەندامی نێرینەی لەدەستداوە.
A+    A-

 

مانگێك لەمەوبەر جەلال قاسم كە كوردێكی ئێزدیی كەمپی مام رەشایە لە نزیك شێخان، ئیڤانی تەمەن 11 مانگی بردە لای پەرستارێك لە كۆمەڵگەی مەهەتێ‌ بۆ ئەوەی سوننەتی بكات، بەڵام پێنج كاتژمێر دوای سوننەتكردنەكە، ئەندامی نێرینەی ئیڤان رەش هەڵگەڕا.


باوكی ئیڤان ئاماژەی بەوەكردووە، "كە رەوشی منداڵەكەم بەو جۆرە بینی، یەكسەر گواستمەوە بۆ نەخۆشخانەی هێڤی لە دهۆك، بەڵام ئەندامی نێرینەی هەموو رەش بووە و رەوشی بەرەو خراپی دەچێت"، باوكی ئیڤان دەڵێت: لەبەر ئەوەی لەو كلینیكە نرخی سوننەتكردنی منداڵان هەرزانە و لە نێوان 5-15 هەزار دیناردایە، بۆیە بڕیاری دا لەوێ‌ سوننەتی بكات.


ع. سلێمان ئەو پەرستارەی ئیڤانی سوننەت كردووە، دان بەوەدا دەنێت، كە ئیڤان لەلای ئەو وای لێهاتووە، ئەو دەڵێت: "من 10 ساڵ ئەزموونم لەم كارەدا هەیە، سێ‌ ساڵیشە كلینیكم داناوە، یەكەمجارە حاڵەتی وا لەلای من رووبدات، مانگانە نزیكەی 100 منداڵ سوننەت دەكەم. نیگەرانم لەوەی بەسەر ئەو منداڵەدا هاتووە، بەڵام لە هەموو شوێنێك هەڵەی پزیشكی هەر روودەدات".


لای خۆشیەوە د.عەبدوڵڵا غازی عەبدوڵا، كە پزیشكی پسپۆڕی نەشتەرگەرییە و چاودێریی رەوشی تەندروستیی ئیڤان دەكات، بەماڵپەڕی رووداوی راگەیاندووە، "لەوەتەی ئەو منداڵە هێنراوەتە نەخۆشخانە، چاودێری دەكەم، بەڵام بەداخەوە هیچ ئومێدێك نییە بۆ گەڕانەوەی ئەندامی نێرینەی، چونكە بە رێگایەكی نادروست سوننەت كراوە، ئەو رێگایەی ئەو منداڵەی پێ‌ سوننەت كراوە پێیدەڵێن (كۆتەری)، كە ئێستا لە ناوەندە تەندروستییەكاندا قەدەغە كراوە".


د.عەبدوڵڵا رێنمایی دایكان و باوكان دەكات كە منداڵەكانیان لە تەمەنی حەوت رۆژی تاوەكو سێ‌ مانگی سوننەت بكەن، چونكە لەو تەمەنەدا پێویستی بە بەنجكردنیش نابێت‌.


سەندیكای كارمەندانی تەندروستیی دهۆك، ئاگاداری دۆسیەی ئیڤانن و بڕیاریان داوە بەدواداچوونی بۆ بكەن. ئیبراهیم ئیسلام، بەرپرسی هۆبەی بەدواداچوون و سكاڵا لەو سەندیكایە بە ماڵپەڕەكەی راگەباندووە، "ئەگەر كەسوكاری ئیڤان لەو پەرستارە خۆشبن و سكاڵاش تۆمار نەكەن، ئێمە هەر رێكاری بەرامبەر دەگرینەبەر، لێژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكدێنین، ئەگەر كەمتەرخەم بوو سزای دەدەین". 


وتیشی: "ئەو پەرستارە سەر بە تەندروستیی مووسڵە، ئێمە رێگەمان پێداوە لە بنكەی تەندروستیی كەمپی مام رەشا كار بكات، بەڵام مۆڵەتی كردنەوەی كلینیكمان نەداوەتێ‌".
















زۆرترین بینراوەکان