هونەرمەند عومەر دڵپاک ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە


نەتەوە  |   16:17:42 2018-09-08  |   (1,643) جار خوێندراوەتەوە

هونەرمەندی دیاری هەرێمی کوردستان عومەر دڵپاک ڕوونکردنەوەیەکی لە بارەی وتەیەکی خۆی لە بەرنامەیەکی ئێن ئاڕ تی بڵاوکردەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوەی بەدوایخۆیدا هێنابوو.
A+    A-

 

عومەر دڵپاک لە ڕوونکردنەوەکەدا دەڵێت "بۆ پشتیوانی لە توشبووانی شێرپەنجە بەشداری بەرنامەیەکی ئێن ئاڕ تیم کرد و پێشنیازی ئەوەم کرد، حاجیان پارەی حەجەکەیان بدەن بە توشبووانی شێرپەنجە".

 

عومەر دڵپاک دەشڵێت "ئەو پێشنیازەی نە تاوانە و نە کوفر، نە سوکایەتی بەدین و نە باسکردنی حاجی بە شێوەیەکی خراپ".

 

هەر لە ڕوونکردنەوەکەدا باسی لەوەشکردووە، لەو بەرنامەیەیەدا وتویەتی "بە هیوای ئەوەم برایان باوەڕدار بە هەڵە لێم تێنەگەن، منیش کەسێکی باوەڕم بە قورئان و فەرمودە هەیە و باوەڕدارم و نوێژ دەکەم".

 

عومەر دڵپاک نیگەرانی لەوە نیشانداوە، بەهۆی هەڵەتێگەیشتنەوە خەڵکانێکی زۆر بە ناوی داکۆکی لە ئاینی پیرۆزی ئیسلامەوە هێرشیان کردووەتە سەر کەسایەتی و دەیان جنێو و قسەی ناشیرنیان بە خۆی و دایک و باوکی وتووە.

 

لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکەشیدا عومەر دڵپاک دەڵێت " ئایینی پیرۆزی ئیسلام لەسەر بنەمای دادپەروەری و لێبوردەیی دروستبووە، بۆیە پرسیار لەو کەسانە دەکەم کە بەناوی دینەوە هێرشیان کردووەتە سەرم، ئایا دادپەروەری و لێبوردەیی ئاینی پیرۆزی ئیسلام ڕێگەی پێداون وشەی نەشیاو و دوور لە هەموو هەستێکی مرۆڤایەتی بەرامبەر بەکەسێک بەکاربهێنن کە هیچ هەڵەیەکی بەرامبەر نەکردوون؟".
















زۆرترین بینراوەکان