موقتەدا سه‌در: هه‌ڵوێستێك ده‌گرینه‌به‌ر ‌به ‌خه‌یاڵی كه‌سدا نه‌هاتبێت


نەتەوە  |   21:56:36 2018-09-06  |   (344) جار خوێندراوەتەوە

ڕێبەری ڕەوتی سەدر و هاوپەیمانێتی سائیرون وەک ئاماژەیەک بۆ "ئاڵۆزییەکانی پارێزگای بەسرە"، مۆڵەتی تا یەکشەممەی داهاتووی داوەتە حکومەت بۆئەوەی کێشەکانی پارێزگای بەسرە چارەسەربکات.
A+    A-

 

موقتەدا سەدر، هەڕەشەی ئەوەشی کرد، کە ئەگەر پەرلەمانی نوێ تا ئەو ڕۆژە کۆنەبێتەوە، ئەوا وەک خۆی دەڵێت هەڵوێستێکی توندی پێشبینینەکراوی دەبێت و تەختی دەسەڵاتی گەندەڵکاران و تایەفەگەرانی پێ دەلەرزێنێت.


سەدر، بەپێویستی زانیوە دانیشتنەکەی پەرلەمان بە ئامادەبوونی حەیدەر عەبادی و ژمارەیەک بەرپرس و وەزیر بەڕێوەبچێت، هەروەها سیاسەتمەدارانی عێراقی بە پشتگوێخستنی قەیرانەکانی پارێزگای بەسرە تۆمەتبارکرد و سەرقاڵبوونیشیانی بۆ گەڕانیان بەدوای پێکهێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمان گەڕاندەوە تا جڵەوی دەسەڵاتی پێ بگرنەدەست.


ئەوەش لەکاتێکدایە خۆپیشاندان لە پارێزگاکە پەلیکێشاوە بۆ بەندەری ئوم قەسر لەسەر ئاوەکانی کەنداو، کە بەهۆیەوە ڕووبەڕووبوونەوەی لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان لێکەوتەوە و تیایدا خۆپیشاندەرێک کوژراوە و ٢٥ی تریش برینداربوون.


بە وتەی وەزارەتی تەندروستی عێراقیش، لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە تا ئێستا، نۆ خۆپیشاندەر کوژراون و نزیکەی ١٠٠ کەسی دیکەش برینداربوون.


هۆکاری سەرەکی خۆپیشاندانەکانیش کەمی یان نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانە، کە گرنگترینیان ئاوی خواردنەوەیە، کە بەهۆی تێکەڵبوونی ئاوی کەنداو لەگەڵ ئاوی شەتولعەرەبدا بە تەواوی سوێر بووە و ناتوانرێت بۆ خواردنەوە بەکاربهێنرێت.
 
















زۆرترین بینراوەکان