گۆڕانكاری له‌پاشه‌كه‌وتی‌ موچه‌ ده‌كرێت


نەتەوە  |   09:54:14 2018-08-19  |   (4,162) جار خوێندراوەتەوە

نه‌ته‌وه‌ "لیژنه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان ڕونكردنه‌وه‌ له‌باره‌ی‌ پاشه‌كه‌وتی‌ موچه‌ی‌ ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ ده‌دات، كه‌ له‌سه‌ر دیوانی‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ خانه‌نشینكراون و له‌50% پاشه‌كه‌وت له‌سه‌ر موچه‌یان ده‌كرێت، سه‌رۆكی‌ لیژنه‌كه‌ش په‌یامێكی دڵنیایی ئاڕاسته‌ی‌ ئه‌و پێشمه‌رگه‌ خانه‌نشینانه‌ ده‌كات.
A+    A-

 

شیلان جه‌عفه‌ر، سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ كاروباری‌ پێشمه‌رگه‌ له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان ڕایگه‌یاند، "چه‌ندجارێك به‌دواداچونمان بۆ كێشه‌ی‌ ئه‌و پێشمه‌رگه‌ خانه‌نشینانه‌ كردوه‌، كه‌ له‌سه‌ر دیوانی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ خانه‌نشینكراون و پاشه‌كه‌وتی‌ موچه‌یان به‌ڕێژه‌ی‌ له‌50%یه‌، جگه‌له‌وه‌ش ئه‌و بابه‌ته‌مان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی‌ دارایی و پێشمه‌رگه‌ چه‌ندجارێك تاووتوێكردوه‌".


ناوبراو وتیشی‌:"ناكرێت پێشتر هه‌مان ئه‌ركیان هه‌بوبێت و ئێستا جیاكاری له‌موچه‌یان بكرێت، به‌جۆرێك به‌شێك له‌و هێزانه‌ پاشه‌كه‌وت هه‌ر نایانگرێته‌وه‌و به‌شێكی‌ دیكه‌شیان نیوه‌ی‌ موچه‌یان پێده‌درێت".


شیلان جه‌عفه‌ر له‌كۆتایی لێدوانه‌كه‌ی بۆ سایتی تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی ئه‌وه‌شی‌ ڕونكرده‌وه‌، "دوو پێشنیازمان بۆ موچه‌ی‌ ئه‌و پێشمه‌رگه‌ خانه‌نشینانه‌ خستۆته‌ به‌رده‌م وه‌زاره‌تی‌ دارایی و پێشمه‌رگه‌و حكومه‌ت، ئه‌و دوو پێشنیازه‌ش ئه‌وه‌یه‌ یاخود پاشه‌كه‌وته‌كه‌یان به‌یه‌كجاری لاببرێت، یان ئه‌گه‌ر حكومه‌تیش له‌قه‌یراندایه‌و ناتوانێت ئه‌وه‌بكات، ئه‌وا ده‌توانێت خانه‌نشینانی‌ پێشمه‌رگه‌ هاوشێوه‌ی‌ هێزه‌كانی پیشمه‌رگه‌ ڕێژه‌ی‌ پاشه‌كه‌وت له‌سه‌ر موچه‌كه‌یان په‌یڕه‌وبكرێت".
 
















زۆرترین بینراوەکان