وەزارەتی دارایی رێنماییەك بۆ فەرمانبەران دەردەكات


نەتەوە  |   11:49:24 2018-08-14  |   (4,322) جار خوێندراوەتەوە

له‌ رێنماییەكی وەزارەتی داراییدا ئاماژە بە چەند رێنماییەكی تازە كراوە بۆ "جۆرە خزمەتێكی تایبەت بە فەرمانبەران". 
A+    A-

 

بەپێی ناوەڕۆكی رێنماییەكە، بێت لەسەر داوایەكی ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی خزمەتی سەربازیی ئەو فەرمانبەرانە ئەژمار ناکات، کە داوایانکردووە ئەو خزمەتەیان بۆ ئەژمار بکرێت، هەروەها خزمەتی سەربازیی ئەو فەرمانبەرانەش هەڵدەوەشێنێتەوە کە  لێبڕینی خانەنشینییان نەداوە.


لە دەقی رێنماییەكە هاتووە، "بەهیچ شێوەیەک خزمەتی سەربازیی بۆ ئەو فەرمانبەرانە ئەژمارناکرێت کە داوایانکردووە خزمەتەکەیان بۆ ئەژماربکرێت و، داواشدەکات لەوبارەیەوە هیچ نوسراوێک ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران نەکرێت".


ئەوەش دووپاتكراوەتەوە خزمەتی سەربازیی ئەو فەرمانبەرانەش هەڵدەوەشێنێتەوە، کە ساڵی 2006 خزمەتەکەیان بۆ ئەژمارکراوە و لێبڕینی خانەنشینییان نەداوە.


ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، "هەر فەرمانبەرێك لە ساڵی 2006وە خزمەتی سەربازی بۆ ئەژمار كرابێت و پارەی لێبڕینی خانەنشینی نەداوە ئەوە خزمەتەكەیان بۆ ئەژمار ناكرێت، چونكە بە پێی یاسای خانەنشینی ناتوانن ئێستا پارەك بدەن بەڵكو پێویستە لە كاتی خۆیدا پارەی لێبڕینی خانەنشینی بدرێت".


وەزارەتی دارایی دووپاتیكردۆتەوە، ئەو فەرمانبەرانەی رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی داراییان هەبێت و  لە ساڵی 2006وە  لێبڕینی خانەنشینییان دابێت خزمەتی سەربازییان بۆ هەژمار دەکرێت و لێیان وەرناگیرێتەوە، بەڵام ئەوەی ئەو مەرجانەی تێدا نەبێت خزمەتەكەی هەڵدەوشێتەوە.


پێشووتر ژمارەیەكی زۆری فەرمانبەران خزمەتی سەربازییان بۆ خراوەتە سەر راژەكانیان، هەم بۆ بەرزكردنەوەی ناونیشانیان هەمیش بۆ مەبەستی خانەنشینی.


له‌وباره‌شه‌وه‌ هۆشەنگ شێخ محەمەد، سەرۆكی لیژنەی راژە لە ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان بەهه‌فته‌نامه‌ی "باس"ی راگەیاندوه‌، ئەژماركردنی خزمەتی سەربازی ئێستا راگیراوە و هیچ نوسراوێك بۆ ئەو مەبەستە وەرناگیرێت.


وتیشی: "ئەو فەرمانبەرانەی ئێستا داوای خزمەتی سەربازی دەكەن، بە هیچ شێوەیەك بۆیان ئەژمار ناكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش جەخت كراوەتەوە، كە هەر نووسراوێك پەیوەندیی بە خزمەتی سەربازییەوە هەبێت، نابێت لە لایەن دامودەزاگاكان ئاراستەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بكرێت".


روونیشی كردەوە: "ئەوانەی تاوەكوو ساڵی 2006 خزمەتی سەربازییان بۆ ئەژمار كراوە، بەپێی رێنمایی مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت، ئەگەر یاسایی بن كێشەیان نابێت، بەڵام سەرپێچی هەبێت ئەوە مامەڵەی یاساییان لەگەڵدا دەكرێت".
















زۆرترین بینراوەکان