كوڕە 11 ساڵانەكەی هاندا بۆئەوەی دایكی و مێردە تازەكەی بكوژێت


نەتەوە  |   12:18:56 2018-08-13  |   (1,589) جار خوێندراوەتەوە

عەبدولستار عەلی، تەمەن 68 ساڵ، بەدەم ئازاری قاچیەوە بەرەو زیندان رێی دەكرد، چونكە مانگێك لەمەوبەر لە رووداوێكی هاتوچۆدا قاچی شكاوە، بەڵام ئەو ئازاری ویژدانی زیاتر بوو لە ئازاری قاچی، كە بەناحەق، ژنی سێیه‌می بەرەو مەرگ برد.
A+    A-

 

رۆژی یەكی شوباتی ئەمساڵ، سەناریا محەممەد، تەمەن 37 ساڵ، هاوژینی پێشووی عەبدولستار، لەلایەن یونس عەبدولستاری تەمەن 11 ساڵانەوە كوژرا، یونس دەستگیركرا، عەبدولستاریش كە هاندەری كوڕەكەی بووە، خۆی شاردەوە، تاوەكو رۆژی 7/8/2018 دەستگیر كرا.


عەبدولستار، تەمەنی 19 ساڵان بووە، كە هاوسەرگیری لەگەڵ سەعدیەی كچی پووری كردووە، ئەوان خاوەنی نۆ منداڵ بوون، دواتر بەبێ‌ پرسی سەعدییە ژنێكی دیكەی هێنا بەناوی نازەنین، عەبدولستار دەڵێت "نازەنین 17 ساڵ لە خۆم بچووكتر بوو، بەبێ‌ رەزامەندی سەعدیە هێنام بۆیە سەعدیە بەبێ جیابوونەوە وتی چیتر نەیەی بۆ لامان و وازمان لێبێنە".


عەبدولستار سێ‌ منداڵی لە نازەنین هەبوو كاتێك بڕیاری دا ژنی سێیەم بهێنێ،‌ كە 30 ساڵ لە خۆی بچووكتر بوو، سەناریا محەممەد، پێشتر شووی كردبوو، بەڵام جیاببووەوە. عەبدولستار وتی: "سەناریا خەڵكی كەركووك بوو، لە ماڵی هاوڕێیەكم بینیم، من بە قاتی شاڵ و بۆیاخی سەروسمێڵەوە كەسێكی شیك بووم. پارەشم هەبوو. سەناریا پێی وتم من بێكەسم، بەس تۆ رازی بیت شووت پێدەكەم".

 

عەبدولستار چاوی پڕ دەبێت لە فرمێسك و دەڵێت: "ئەگەر سەناریا خیانەتی لێنەكردبام، قیمەتی تەواو نەدەبوو لە جوانی و چاكی، زۆر گوێڕایەڵ و بێ كێشە بوو، بەڵام بەهۆی هامشۆكردنی ئارایشگایەك ژنەكەم دڵی گۆڕا، خاوەنی ئارایشگاكە سەناریای هاندابوو لە من جیابێتەوە و شوو بە براكەی بكات، كە ناوی تەیب بوو". 


وتیشی: "تەیب بەئاشكرا یەخەی گرتم و وتی دەبێت لە ژنەكەت جیابیتەوە، چونكە خۆشمدەوێت".


سەناریا لە دادگا سكاڵا لەسەر عەبدولستار تۆمار دەكات و لێی جیادەبێتەوە، پاشان شوو بە تەیب دەكات، دوای نۆ مانگ یونس و براكەی داوا دەكەن دایكیان ببینن.  


یونس لە وتەكانیدا بۆ پۆلیس وتوویەتی: "باوكم سێ مانگ لێیدام تا فێربووم چۆن تفەنگ بەكاربێنم، پلانی كوشتنی دایكم و مێردە تازەكەی خستە مێشكمەوە، دوای ئەوەی دایكم رازی بوو من و براكەم بباتە لای خۆی، رۆژی 1/2/2018 لەكاتی خەودا هەر بە كڵاشینكۆفەكەی تەیب هەردووكیانم كوشت".


دوای ئەوەی یونس لەلای پۆلیس دان بەوەدا دەنێت، كە باوكی هانی داوە بۆ ئەو تاوانە، فەرمانی گرتن بۆ عەبدولستار دەردەچێت، بەڵام ئەو بەرەو كەركووك هەڵدێت و لەوێش نزیكەی مانگێك پێش ئێستا چوارەم ژن دەهێنێت، دوای شەش مانگ لێكۆڵینەوە و گەڕان بەدوای عەبدوستاردا، پۆلیسی كەسنەزان لە رۆژی 7/8/2018 دۆزییانەوە و دەستگیریان كرد.


ژنی چوارەمی عەبدوستار كە زانیویەتی هاوژینەكەی تۆمەتبارە و دەستگیركراوە، بەجێیدەهێڵێت، ئێستا یونس و باوكی لە زیندانن و بەپێی ماددەی 406 سزادراون، دادگا سزای 10 ساڵ بەندكردنی بۆ یونس و بەندكردنی هەتاهەتایی بۆ عەبدولستار دەركردووە، یوسفی برا بچووكی یونسیش بەهۆی تاوانی باوك و براكەی، لەسەر جادە رۆژ دەكاتەوە.


دایك و خوشكەكانی سەناریا لە پیاوە قۆزە شاڵ لەبەرەكە رامابوون، كە بە شەش مانگ بووە بە پیاوێكی لاواز و پیر، ئەوان داوایان دەكرد یاسا مافی كچەكەیان وەربگرێتەوە، دایكی سەناریا لەكاتی بینینی عەبدولستاردا وتی "چۆن دڵت هات ئەو ژنە وا لێبكەی، چۆن دوو گەنجت خستە ژێر خۆڵ؟"، عەبدولستار دەگریا و سوێندی دەخوارد كە ئاگاداری ئەو رووداوە نییە و كوڕەكەی ماڵی هەردووكیانی وێران كردووە.
 
















زۆرترین بینراوەکان