پارتی و یەكێتی داوایه‌ك ئاراسته‌ی لەلایەنە ناڕازییەكان دەكەن 


نەتەوە  |   09:54:40 2018-08-13  |   (152) جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، "لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەنگاوی گەورەمان ناوە بەئاڕاستەی دانانی بەرنامەیەكی هاوبەش بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان".
A+    A-

 

هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی له‌ لێدوانێكدا به‌دەنگی ئەمریكای راگه‌یاندووه‌، "وەك پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان داوامان لەو لایەنانەی تر كردووە ئەوانیش بەهەمان شێوە بێن تا پێكەوە لیستێكی هاوبەش یاخود بەلایەنی كەمەوە ئەجێندا و بەرنامەیەكی هاوبەش دابنێین تا پێكەوە لەسەر ئەو بەرنامەیە لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان گفتوگۆ بكەین".


لەبارەی مەرجی پارتی و یەكێتی بۆ لایەنە كوردییەكان تا بەشداربن لە وەفدە هاوبەشەكەی كوردی بۆ بەغداد؟ هۆشیار سیوەیلی وتی: "ئێمە هیچ گرفتێكمان نیە، ئەگەر تا ڕادەیەك لانی كەم ئامادەییان هەیە تا بێن گفتوگۆ بكەن لەگەڵ پارتی و یەكێتی گفتوگۆ بكەن بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجامێك ئێمە هیچ گرفتێكمان نیە كەبچین لەگەڵیان دابنیشین".


هۆشیار سیوەیلی لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا ئامادەن سەردانی لایەنە ناڕازییە كوردییەكان بكەن بۆ ئەوەی گفتوگۆیان لەگەڵ بكەن؟ وتی: تا ئێستا نەكەوتۆتە سەرباسی، سەردان چونكە تا ئێستا بەشێوەیەكی جدی نەهاتوون بە دەم ئەو داواكاریەی پارتییەوە كە داوای كردووە هەموو لایەنەكان كۆببنەوە لەسەر بەرنامەیەكی هاوبەش ئێمە كێشەمان نییە لەكوێ كۆببینەوە، بەڵام دەبێت لانی كەم ئامادەیی ئەوەیان تێدا ببینین كە ئامادەن بێن بۆ گفتوگۆ لەسەر دانانی بەرنامەیەكی هاوبەشی لایەنە كوردییەكان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان".

 

ناوبراو لەبارەی ئامادەیی نیشاندانی ئەو لایەنانە بۆ گفتوگۆ وتی: خۆی ئەوە كێشەكەیە، كە ئەو لایەنانە لەهەمان كاتیشدا ڕایانگەیاندووە كە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بەدەست ڕەتدەكەنەوە بۆیە دەبێت هەڵوێستی خۆیان ڕونتر بكەنەوە ئایا ئامادەن لە پڕۆسەی سیاسی داهاتوو بەشداربن ؟وە ئامادەن لەگەڵ پارتی و یەكێتی دابنیشن"؟


هێمای بۆ ئه‌وه‌شكرد، "مەرجمان نییە بۆ ئەو لایەنە كوردییانە تەنها ئەو خاڵانەیە كە باسی هەرێمی كوردستانن كە لەبەرنامە هاوبەشەكە جێی بكەینەوە كە لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان گفتوگۆی لەسەر بكەین ، بەڵام تا ئێستا ئەو لایەنانە وەك پێویست هەڵوێستیان ڕۆشن نییە ".


سیوەیلی ئەوخاڵ و مەرجە سەرەكیانەی كوردی بۆ بەشداری لە حكومەتی داهاتوو خستەڕوو وتی: "گفتوگۆكانمان لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان هەروەك سەرۆك بارزانیش جەختی لێكردۆتەوە لەسەر بنەمای تەوافوق، بەشداری ڕاستەقینە، هاوسەنگی، دەبێت، لەگەڵ یەكێتی لەگفتوگۆداین تا پێكەوە لەگەڵ لایەنە عێراقیەكان پێكەوە لەسەر ئەو سێ بنەمایە بكەوینە گفتوگۆكان".


لەبارەی كاتی سەردانی وەفدی هاوبەشی كوردی بۆ بەغداد؟ بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان وتی: "هەموو ئامادەكارییەك كراوە كە بەزوترین كات دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای باڵاوە لانی كەم شاندی هاوبەشی یەكێتی و پارتی بچنە بەغداد دەست بكەن بەدانوستان لەگەڵ لیستە براوەكانی عیراقدا، هیوادارین لایەنە كوردییەكانی دیكەش بەشداربن".
 
















زۆرترین بینراوەکان