لیرەی تورکی هاڕەی کرد


نەتەوە  |   11:14:28 2018-08-11  |   (582) جار خوێندراوەتەوە

لە ئیستەنبووڵی پایتەختی ئابووریی تورکیا، رۆژانێک بەر لەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ واشنتن ئاڵۆز ببن، شەقامی زێڕ و دراوەکان بە کڕیارەکان جمەیان دەهات و فرۆشیارەکانیش لە بێ پارەیی بێخەم بوون، بەڵام ئێستا تەنانەت سەرۆکی وڵاتیش داوا دەکات خەڵک دۆلارەکانیان بە لیرە بگۆڕنەوە.
A+    A-


هەڵوێستی سیاسییەکانی حکومەتی تورکیا و هاوتا ئەمریکییەکانیان لەبارەی چەندین مەلەفی ناوخۆیی تورکیا، هەروەها ناوچەکەش، ئاراستەی شەقام و بازاڕەکانی شپرزە و شڵەژاو کردووە. لیرەی تورکی بەخێرایی بەهای خۆی لەدەست دەدات و زیانەکەشی بە شێوەیەکی راستەوخۆ کاریگەری کردووەتەسەر بازاڕەکانی تورکیا.
 
کەریم سولون، زێڕینگەرە لە ئیستەنبووڵ و دەڵێ "بێگومان زیادبوونی بەهای دۆلاری ئەمریکی و یۆرۆ، کاریگەری گەورە دەکاتە سەر کڕیارەکانمان، چونکە ئێمە کاڵاکانمان لە دەرەوەی وڵات بۆ نموونە لە بەلجیکا بە دۆلار دەکڕین، ئەمەش توانای کڕیارەکانمان کەمدەکاتەوە. بەداخەوە ئێمە بەدەست ئەم رەوشەوە دەناڵێنین".

شەوی نۆی ئەم مانگە، شاندێکی حکومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتی جێگری وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لەگەڵ شاندێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە واشنتن کۆبووەوە، بەڵام پێدەچێت کۆبوونەوەکان شکستیان هێنابێت، چونکە ترەمپ لە کاژێر 08:00ـی بەیانی بەکاتی واشنتن، توویتێكی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا سەپاندنی باجی بەڕێژەی لەسەدا 20 لەسەر ئەلەمنیۆم  و لە سەدا 50 لەسەر ئاسنی تورکیا راگەیاند و، نرخی لیرەی تورکی لەئاست دۆلاری ئەمریکی شەشی تێپەڕاند.

رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا لە پارێزگای بەیبوورت لە باکووری رۆژهەڵاتی تورکیا، پەیامێکی ئاراستەی خەڵکی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند "نیگەران مەبن، بەڵام من لێرەوە دەیڵێمەوە. ئەگەر کەسێک هەبێت دراوی دۆلار، یۆرۆ یان زێڕی لەژێر سەرینەکەی هەبێت، دەبێت بڕوات بۆ بانکەکانی ئێمە و بۆ لێرەی تورکی بیانگۆڕێت. ئەمە خەباتێكی نیشتمانی و ناوخۆییە. ئەمە دەبێتە وەڵامی گەلەکەی من دژی ئەوانەی دەیانەوێت شەڕی ئابووری دژی ئێمە بەرپا بکەن".

چەند دۆسیەیەکی هەڵپەسێردراو بوونەتە هۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا وەکو: مەلەفی قەشە برۆنسن کە تورکیا بە تۆمەتی کارکردن لەگەڵ فەتحوڵڵا گولەن و پەیوەندی بە پەکەکەوەوە دەستبەسەری کردووە. دۆسیەی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە رۆژئاوای کوردستان کە واشنتن پشتگیرییان دەکات و ئەنقەرە بە تیرۆرست ناویان دەبات و مەلەفی نزیکبوونەوەی حکومەتی ئەردۆغان لە رووسیا و هەوڵدانی بۆ نیگەرانکردنی ئەمریکییەکان لە ناوچەکە.

 

سەرچاوە : ڕووداو
















زۆرترین بینراوەکان