بڕه‌ پاره‌یه‌ك به‌موچه‌خۆران ده‌درێت...دارایی ڕه‌زامه‌ندی ده‌ڕبری


نەتەوە  |   17:14:27 2018-08-10  |   (3,820) جار خوێندراوەتەوە

وه‌زاره‌تی‌ "ته‌ندروستی"‌ هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و پزیشك و كارمه‌ندانه‌ی‌ ئه‌ركی پشكنینی‌ كه‌مئه‌ندامانیان له‌ئه‌ستۆ بووه‌، بڕه‌ پاره‌یه‌كیان وه‌ك پاداشت بۆ خه‌رجده‌كرێت، به‌رپرسێكی‌ ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ش جه‌ختله‌وه‌ده‌كاته‌وه‌، وه‌زاره‌تی‌ دارایی ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ته‌رخانكردنی‌ پاره‌ی پێویست ده‌ڕبڕیوه‌.
A+    A-

 

هاوار حه‌سه‌ن، لێپرسراوی لیژنه‌ پزیشكییه‌كان له‌وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی حكومه‌تی‌ هه‌رێم، ڕایگه‌یاند:"ئه‌و پزیشك و كارمه‌ندانه‌ی‌ ئه‌ركی پشكنینی‌ كه‌مئه‌ندامیان له‌ شارو شارۆچكه‌كان پێ سپێدراوه‌، بڕه‌ پاره‌یه‌كیان وه‌ك پاداشت پێده‌درێت.


ناوبراو وتیشی، خه‌رجكردنی‌ پاداشته‌كه‌ به‌گوێره‌ی‌ پشكنینی‌ كه‌مئه‌ندامان بووه‌، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ هه‌ر پزیشكێك پشكنینی‌ بۆ هه‌زار خاوه‌ن پێداویستی‌ تایبه‌ت ئه‌نجام دابێت، بڕی‌ 500 هه‌زار دیناری‌ پێده‌درێت.


هاوار حه‌سه‌ن له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌ی بۆ سایتی تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی ڕونیشكرده‌وه‌، ئه‌و كارمه‌ندانه‌ی‌ ته‌ندروستیش كه‌ ئه‌ركی سه‌رپه‌رشتیكردن و ڕاییكردنی‌ مامه‌ڵه‌كانیان له‌ ئه‌ستۆدا بووه‌، بڕه‌ پاره‌یه‌كی دیاریكراویان بۆخه‌رج ده‌كرێت.


ئه‌و به‌پرسه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، راشیگه‌یاند:" وه‌زاره‌تی‌ دارایی ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ته‌رخانكردنی‌ پاره‌ی‌ پێویست بۆ ئه‌و پزیشك و كارمه‌ندانه‌ ده‌ربڕیوه‌و جگه‌له‌وه‌ش، ده‌ستكراوه‌ به‌ خه‌رجكردنی‌ ئه‌و پاداشته‌ له‌ته‌واوی‌ شارو شارۆچكه‌كان، ته‌نها له‌قه‌زای‌ پێنجوێن نه‌بێت كه‌ تائێستا ئه‌و پاداشته‌ خه‌رجنه‌كراوه‌، واش بڕیاره‌ تیمێكمان به‌ ئیفاد سه‌ردانی‌ سلێمانی‌ بكات و ئه‌و  پاداشته‌ بۆ پزیشك و كارمه‌ندانی‌ پێنجوێن خه‌رجبكات.
 
















زۆرترین بینراوەکان