دابه‌شكردنی‌ موچه‌ پێشده‌خرێت...پاره‌كه‌ی‌ به‌غدا ده‌گاته‌ هه‌رێم


نەتەوە  |   11:54:51 2018-08-09  |   (3,885) جار خوێندراوەتەوە

بریكاری‌ "پێشووی‌" وه‌زاره‌تی‌ دارایی عێراق ڕایده‌گه‌یه‌نێت، به‌غدا ناردنی‌ 317 ملیار دیناره‌كه‌ به‌ر له‌ جه‌ژن بۆ دابه‌شكردنی‌ ته‌واوی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران ڕه‌وانه‌ی هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كات، هاوكات زانیاری زیاتر له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو.
A+    A-

 

فازڵ نه‌بی، بریكاری‌ پێشووی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی عێراق ڕایگه‌یاند، له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی‌ دارایی عێراق په‌یوه‌ندییم كردووه‌ له‌باره‌ی‌ ناردنی‌ 317 ملیار دیناره‌كه‌ی‌ به‌غدا بۆ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران چاوه‌روان ده‌كرێت به‌ر له‌ جه‌ژنی‌ قوربان ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بۆ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران بگاته‌ هه‌رێم‌ و ته‌واوی‌ فه‌رمانبه‌رانیش به‌ر له‌ جه‌ژن موچه‌ی مانگی‌ ئایار وه‌ربگرن.


ناوبراو له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌ی بۆ سایتی تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی ئاشكرای كرد، حكومه‌تی‌ عێراق هاوشێوه‌ی‌ جه‌ژنی‌ ڕه‌مه‌زان دابه‌شكردنی‌ موچه‌ی‌ ته‌واوی فه‌رمانبه‌رانی‌ خۆی پێشخستووه‌ بۆیه‌ له‌گه‌ڵ پێشخستنی‌ موچه‌ی‌ ته‌واوی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ عێراقدا 317 ملیار دیناره‌كه‌ هاوشێوه‌ی‌ جه‌ژنی‌ رابردوو ڕه‌وانه‌ی هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كات.


ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، له‌دوایین لێدوانی نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ڕایگه‌یاندوه‌ بۆ له‌مه‌ودوا خشته‌ی‌ موچه‌ ڕاناگه‌یه‌نرێت و هه‌ر وه‌زاره‌ته‌ و ڕۆژێكی بۆ دیاری كراوه‌، كه‌ موچه‌ی‌ پێده‌درێت.


جه‌ختیشكرده‌وه‌، به‌غدا هیچ گرفتی له‌ناردنی‌ پاره‌كه‌ی‌ هه‌رێم نییه‌ و له‌گه‌ڵ دابه‌شكردنی‌ موچه‌ی وه‌زاره‌ته‌كانی‌ كابینه‌ی‌ حكومه‌تی عێراقدا 317 ملیار دیناره‌كه‌ بۆ دابه‌شكردنی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم ره‌وانه‌ ده‌كات.
















زۆرترین بینراوەکان