بەمیكانزمێكی نوێ موچەی خانەنشینی دابەشدەكرێت


نەتەوە  |   00:49:09 2018-08-09  |   (3,110) جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی "سلێمانی" میكانزمێك بۆ خەرجكردنی جیاوازی موچەی خانەنیشینان جێبەجێدەكات و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیەكەش رایدەگەیەنێت، لەگەڵ موچەی مانگی 8ی 2017، موچەی مانگی 2ی 2018 دابەشدەكرێت.
A+    A-

 

درەخشان ئەحمەد بەڕێوەبەری خانەنشینی شارستانی سلێمانی، رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی پێشتر بەدوو مانگ جارێك موچەی خانەنشینی دابەشكرا، بۆیە ئێستا نزیكەی جیاوازی ساڵێك لەپێدانی موچە دروست بووە.


ناوبراو وتیشی:"لەدوای بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ خەرجكردنی موچەی بەشێك لەخانەنشینان، كە لەكۆتایی ساڵی 2017دا خانەنشین بوون ‌و موچەكانیان نەدراوە، ئێستا جیاوازی موچەكانیان لەگەڵ دابەشكردنی موچەی خانەنشینانی كۆن دەدرێت، بەشێوەیەك، كە لەگەڵ موچەی مانگی هەشتی ساڵی 2017، موچەی مانگی دووی 2018 وەردەگرن و لەگەڵ موچەی مانگی نۆیش، موچەی مانگی سێ وەردەگرن و بەو شێوەش بەردەوام دەبێت".


بەڕێوەبەرەكەی خانەنشینی سلێمانی، باس لەو موچەخۆرانەش دەكات كەئێستا خانەنشین دەبن و راشیگەیاند، ئەو موچەخۆرەی كە مانگی هەشتی ئەمساڵ خانەنشین دەبێت، لەفەرمانگەكەی خۆی موچەی مانگی حەوتی فەرمانبەریی وەردەگرێت، لەدوای ئەو مانگەشەوە دەبێت كەسی خانەنشین چاوەڕوان بێت تا موچەی خانەنشینی كە ئێستا موچەی ساڵی رابردوو وەردەگرن دەگاتە ساڵی 2018 و  ئەو مانگەی كە تێدا خانەنشین بووە.


درەخشان ئەحمەد له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌ی بۆ سایتی ئێس ئێن ئێن هۆكاری ئەوەشی گەڕاندەوە بۆئەوەی ئەو فەرمانبەرە موچەی فەرمانبەریی ساڵی 2018ی تا مانگی خانەنشین بوونی وەرگرتووە.


لەبارەی ئیكرامیەی خانەنشینی، بەڕێوەبەری خانەنشینی شارستانی سلێمانی وتی:"ئیكرامیەی خانەنشین ماوەو تەنها خانەنشینانی ساڵانی شەستەكان بەقیست وەریدەگرن بەشێوەیەك سێ مانگ جارێك قیستەكیان پێدەدرێت، بەڵام ئەوانی تر بە یەك وەجبە وەریدەگرن".
 
















زۆرترین بینراوەکان