مالیکی دژی سەپاندنی سزاکانە بەسەر ئێراندا


نەتەوە  |   17:00:09 2018-08-08  |   (176) جار خوێندراوەتەوە

نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و جێگری سەرۆک کۆماری عێراق، داوای لە حکومەتی وڵاتەکەی کرد، نەبێتە لایەنێک لە سەپاندنی سزاکانی ئەمریکا لە دژی ئێران.
A+    A-

 

مالیکی لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ چوارشەممە سزاکانی ئەمریکای لە دژی ئێران ڕەتکردەوە و پێی وایە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە، داواشی لە حکومەتی عێراق کرد، نەبێتە بەشێک لە سزاکان لە دژی ئێران.

 

سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ڕوونیکردەوە، لای خۆیانەوە سەپاندنی سزاکان بەسەر ئێراندا رەتدەکەنەوە و ئیدانەشی دەکەن، دواشی لە حکومەتەکانی ناوچەکە و جیهان کرد، سەپاندنی گەمارۆ و دابڕانی بە زۆر ڕەتبکنەوە و ڕێوشوێنەکەشی بە ناڕاست و نایاسایی لە قەڵەمدا.

 

لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا نوری مالیکی ڕایگەیاندووە "گەمارۆکان کارێکی تۆڵەکردنەوە و دڵرەقانەیە و لە دەرەوەی شەرعیەتی نێودەوڵەتییە و هیچ بەهانەیەکی نییە، چونکە لە دەرەوەی چوارچێوەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە و نابێت حسابی پڕۆژەشی بۆ بکرێت، چونکە ئامانج لێیان برسیکردنی گەلێکی موسڵمان و دۆستە و دژایەتی سیستمی کۆماری ئێسلامی ئێرانە، کە ئەندامە لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، سزادانی گەلان لە ڕێگەی سەپاندنی سیاسەتی برسیکردن و تۆقاندن، سیاسەتێکە دەوڵەتە زلهێزەکان لەسەری ڕاهاتوون لە دژی ئەو دەوڵەتانەی کە دژایەتی سیاسەتە دوژمنکارەنەکانی دەکات، داواشی لە حکومەت و ڕێکخراوە مرۆییەکان کرد، ئەو ڕێوشوێنانە لە دژی گەلی ئێران ڕابگرن و کاربکەن بۆ چارەسەرکردن و کۆتایی پێهێنانی.

 

لە کۆتایی وتەکانیدا مالیکی ئاماژەی بەوەکرد، هەروەک چۆن پێشتر دژی سەپاندنی سزاکان بوون بەسەر سوریادا، ئەمڕۆش سزاکانی سەر ئێران رەتدەکەنەوە.

 

ئەوە لەکاتێکدایە قۆناغى یەکەمى سزا ئابورییەکانى ئەمریکا بۆ سەر ئێران دوێنێ دەستیپێکرد، کە ئاڵوگۆڕى دۆلار و بازرگانى زێڕ و کانزاکان و پرۆگرامەکانى پەیوەست بە پیشەسازى و کەرتى ئۆتۆمبێل دەگرنەوە.

 

لە هەنگاوى دووەمیشدا کە بڕیارە لە ٥ى تشرینى دووەمى ئەمساڵدا جێبەجێبکرێت بە تەواوى هەناردەى نەوت و ئاڵوگۆڕى بازرگانى لەڕێى بەندەرەکانى ئێرانەوە ڕادەگیرێت، کە چاوەڕواندەکرێت ئەو هەنگاوە زیانى گەورە بە ئابوورى ئێران بگەیەنێت.
















زۆرترین بینراوەکان