خەڵاتێکی دیکەی فیڵدز بە پرۆفیسۆری کورد کۆچەر بیرکار دەبەخشرێت


نەتەوە  |   10:58:38 2018-08-04  |   (382) جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی کۆنگرەی نێودەوڵەتی بۆ ماتماتیک ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ خەڵاتێکی دیکەی فیڵدز بە پرۆفیسۆری کورد کۆچەر بیرکار دەبەخشرێت.
A+    A-

 

ماڵپەڕی فیز بڵاویکردووەتەوە، وتەبێژی کۆنگرەی نێودەوڵەتی بۆ ماتماتیک ڕایگەیاندووە، پرۆفیسۆری کورد کۆچەر بیرکار ئەمڕۆ خەڵاتێکی دیکەی فیڵدزی پێدەبەخشرێت لەبری ئەو خەڵاتەی کە هەفتەی ڕابردوو لە بەڕازیل لێی دزرا.

 

وتەبێژەکە  ڕاشیگەیاندووە، پێنجەم خەڵاتی ئاڵتوونی فیڵدز بۆ حاڵەتی پێویست دانراوە، واتە ئامادەیە و تەنها ئەوەندەی دەمێنێت کە ناوی پڕۆفیسۆرەکەی لەسەر هەڵبکۆڵدرێت.

 

ئەمەش لە دوای ئەوە هات پرۆفیسۆر کۆچەر بیرکار خەڵاتی فیڵدزی جیهانی وەرگرت و دواتر  خەڵاتەکەی و جزدانەکەی لەگەڵ مۆبایلەکەی لەناو جانتایەکدا لەسەر مێزێک لە شوێنی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەکە لە شاری ریۆ دی جانیرۆ  لێدزرا

 

فەرەیدوون درەخشانی کە نازناوی "کۆچەر بیرکار"ی وەرگرتووە، لە شاری ریۆ دی جانیرۆی بەرازیل لەگەڵ سێ ماتماتیکزانی دیکە خەڵاتی فیڵدز(Fields)ی ساڵی ٢٠١٨ی پێبەخشرا کە بە نۆبڵی بیرکاری ناسراوە و بەناوبانگترین خەڵاتی جیهانە لە زانستی بیرکاریدا.

 

خەڵاتی فیڵدز لە ساڵی ١٩٣٦ەوە تا ئێستا لەلایەن دامەزراوەی فیڵدز لە شاری تۆرنتۆ هەر چوار ساڵ جارێک بە دوو کەس هەتا چوار توێژەری خوار تەمەن ٤٠ ساڵ دەبەخشرێت کە لە بەشی بیرکاری لە جیهاندا کاردەکەن.

 

ئەو خەڵاتە هەر دوو ساڵ جارێک بەو کەسانە دەدرێت کە لە زانستی بیرکاریدا توێژینەوە دەکەن.

 

کۆچەر بیرکار ساڵی ١٩٧٨ لە گوندی نێی سەربە شاری مەریوان لە پارێزگای سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانکۆی تاران وەرگرتووە.

 

ناوبراو دوای تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ لە ئێران وەک پەنابەر ڕوویکردووەتە وڵاتی بەریتانیا و قوناغی دکتۆرای لە زانکۆی نۆتینگهام لە بەریتانیا بەدەستهێناوە و لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە وەک پرۆفیسۆری بیرکاری لە زانکۆی کامبریج دەستبەکاربووە.

 

ئەو مامۆستا گەنجە کوردە تا ئێستا لە ٢٠ وڵاتی جیهان، سیمینار و کۆڕ و کۆبوونەوەی لەسەر دوایین دەستکەوتەکانی زانستی بیرکاری ئەنجامداوە.
















زۆرترین بینراوەکان