وه‌زاره‌تی دارایی به‌ دوو لیستى جياواز موچه‌ی مانگی ئایار دابه‌ش ده‌كات


نەتەوە  |   01:20:04 2018-07-27  |   (11,016) جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دارایی لە بارەی دابەشكردنی مووچەی مانگی 5 و "بەرنامەیان بۆ ئەوەی تاوەكو پێش جەژن مووچە بدرێت" روونكردنەوە دەدات.
A+    A-

 

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی ھەرێم رایگەیاند بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی 5 هەمان بەرنامەی چەند مانگی پێشوو دەبێت، "وەزارەتی دارایی بڕیاریداوە کە ھەر 30 رۆژ جارێک مووچەی مووخۆرانی ھەرێمی کوردستان دابەش بکات".


ئاشكرایكرد، لە دوای 5ی مانگەوە لیستی دابەشکردنی مووچەی وەزارەتەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رادەگەیەنرێت و دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت.


ئەوەشی خستەڕوو، وەكو پێشووتر دابەشكردنی مووچە لە رێگەی دوو لیست دەبێت، لیستێكیان داهاتی سامانە سرووشتیەكان لیستی دووەمیش 317 ملیار دینارەكەی بەغدا دەبێت.


بە پێی زانیارییەكانیش لە لیستی یەكەمی مووچەی مانگی 5 دا هەریەك لە وەزارەتەكانی پێشمەرگە و پەروەردە و خوێندنی باڵا و مووچەی كەمئەندامان و چەند وەزارەت پێك دێت.


سەبارەت بەوەی تاوەكوو پێش جەژن مووچەی هەموو فەرمانگەكان دابەش دەكرێت، سەرچاوەكەی وەزارەتی دارایی له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌ی بۆ سایتی باسنیوز وتیشی: "ئەو بابەتە دەكەوێتە سەر ناردنی پارەكەی بەغدا، ئەگەر وەكو جەژنی رەمەزان پارەكە زووتر بنێردرێت تاوەكو پێش جەژن مووچەی هەموو لایەك دابەش دەكرێت.


لای خۆشیه‌وه‌ مەدینە ئەیوب، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، هەموو هەوڵێكیان خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی وەزارەتی دارایی پێش هاتنی جەژنی قوربان مووچەی هەموو مووچەخۆران دابەش بكات.


وتیشی: "لە هەفتەی یەكەمی مانگی 8 دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت، ئێمە لەگەڵ ئەوەین پێش جەژن مووچەی هەموو لایەك بدرێت، چونكە جەژن لە پێشە و فەرمانبەران پێویستی زۆریان بە پارە دەبێت".
















زۆرترین بینراوەکان