مەرجەكانی كۆمسیۆنی هەرێم بۆ دامەزراندن هەزاران كارمەند رادەگەیەنرێت


نەتەوە  |   13:34:35 2018-07-20  |   (642) جار خوێندراوەتەوە

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی ئامادەكاری بۆ دامەزراندنی زیاتر لە "40 هەزار" كارمەند دەستپێدەكات، بڕیاردەری كۆمسیۆنیش له‌وباره‌یه‌وه‌ زانیاری ورد ده‌خاته‌ڕوو و رایده‌گه‌یه‌نێت، دوای وەرگرتنی سیڤی بە شێوەی ئەلكترۆنی تیروپشك بۆ ناوەكان دەكرێت.
A+    A-

 

ئیسماعیل خورماڵی بڕیاردەری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم رایگەیاند: ئامادەكارییەكان بۆ دامەزراندنی كارمەندانی رۆژی هەڵبژاردن دەستیپێكراوەو لیژنەیەك پێكهێنراوە بۆ دیراسەكردنی ئەو بابەتەو هەوڵدەدرێت بەزووترین كات دەست بەپڕۆسەكە بكرێت.


ناوبراو وتیشی:" لە رۆژانی رابردوودا دوو كۆبوونەوەمان كردووەو كۆمەڵێك مەرجی ئاسان بۆ دامەزراندن دانراوە، ئەویش ئەوەیە، كە بەڕێوەبەری بنكەو وێستگە پێویستە لانیكەم بڕوانامەی بەكالۆریۆسی هەبێت، ئەگەر یاسایی بێت چانسی وەرگرتن زۆرترە بۆ بەڕێوەبەری وێستگە، ئەوانی دیكە نابێت بڕوانامەی كەمتر لەناوەندیان هەبێت".


روونیشیكردەوە، پڕۆسەی پێشكەشكردنی داواكاری لەڕێگەی ئۆنلاینەوە دەبێت و سیڤی هەمووان وەردەگیرێت و بەپڕۆسیسێكی ئەلیكترۆنی تیروپشكی ناوەكان یەكلای دەبێتەوە، كە دەستی مرۆڤی تێدا نابێت. 


ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، لینكی هەر پارێزگایەك بەجیادەبێت، ژمارەی بنكەی دەنگدان، ژمارەی دەنگدەر وەردەگیرێت، بۆئەوەی ئەو كەسانەی دادەمەزێنرێن، لەو شوێنانەبن كە خۆیان دەنگی لێدەدەن، هەفتەیەك پێش وەرگرتنی داواكارییەكان، لەڕێگەی كورتە ڤیدیۆیەكەوە كە لەمیدیاكاندا بڵاودەكرێتەوە چۆنیەتی پڕكردنەوەی فۆرمەكە دەخرێتەڕوو.


دووپاتی"هیچ مەرجێكی تەمەن، ژمارەی دامەزراندنی نێرو مێ دیارینەكراوە"،وتیشی"تائێستا بڕیاری كۆتایی لەسەر ژمارەی دامەزراندنەكە نەدراوە، بەڵام زیاتر لە 40 هەزار كامەند دادەمەزرێنرێت".
 
















زۆرترین بینراوەکان