بە هەزاران كەس بە تەمەنێكی كەمەوە خانەنشینی سەربازی كراون


نەتەوە  |   10:29:50 2018-07-18  |   (1,477) جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسێكی ئەنجومەنی وەزیران ئاشكرای دەكات، "بە هەزاران كەس لە سێكتەری سەربازی بە تەمەنی كەم و بە پلەی جۆراوجۆر خانەنشین كراون و بەمنزیكانە ئیجرائات لەگەڵیاندا دەست پێ دەكات".
A+    A-

 

هیوا ئەفەندی، سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆژیاو زانیاری ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان له‌ لێدوانێكدا بەهه‌فته‌نامه‌ی باسی راگه‌یاندووه‌، بە پێی كۆكۆدنەوەی بەڵگەو داتا كۆمەڵێك خەڵك لە كەرتی سەربازی بە بێ هەبوونی مەرجی یاسایی خانەنشین كراون.


ناوبراو وتیشی: "5 هه‌زار كه‌س هه‌یه‌ له‌ سێكته‌ری سه‌ربازی له‌دایكبوونی 1973، واته‌ ته‌مه‌نیان 45 ساڵه‌ خانه‌نشین كراون، هه‌روه‌ها له‌دایكبووی 1990یش هه‌یه‌ خانه‌نشین كراوه‌، ئەوانە لای ئێمە بە نایاسایی سەیر دەكرێن و داتاو بەڵگەكان لای ئێمەن".


بە پێی زانیاریەكان، بە سەدان كەس كە  لە دایكبووی، 1990 و 1993 و 1998، بە پلەی بەرزی سەربازی خانەشین كراون.


جەختیشیكردەوە، بەم نزیكانە ئیجرائات بەرامبەر ئەو كەسانە دەست پێ دەكات، ئاشكراشیكرد، ناو و بەڵگەی ئەو 5 هەزار كەسەی كەرتی سەربازی لای ئێمە  هەیە و هەموو ئه‌مانه‌ دراونەتە سەرۆكی حكوومەت، بۆ ئیجرائاتیش لەگەڵ ئەو كەسانە لە قۆتاخی دووەمی بایۆمەتری پڕۆسەكە دەستی پێ دەكرێت.


بەرپرسەكەی ئەنجومەنی وەزیران ئاشكراشی دەكات، نزیكه‌ی 10 بۆ 15 هەزار كەس بە بێ هەبوونی مەرجی یاسایی بە گشتی بە كەرتی سەربازی و شارستانی بە تەمەنی كەم خانەنشین كراون".


دووپاتیشیكرده‌وه‌، "ئالیەتی جێبەجێكردنی چاكسازی لە مووچەی ئەو خانەنشینانە لای ئێمەیە، بۆ نمونە ئەوانەی تەمەنی خانەشینیان نەهاتووە و خانەنشین كراون هەموو لە داتا پەیسەكانی ئێمە بە بەڵگەوە هەیە، ئەوەش ئاسانكاریەكی باشە بۆ گرتنە بەری رێكاری یاسایی".


سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆژیاو زانیاری ئه‌وه‌شده‌خاته‌ڕوو، به‌پێی تۆماری بایۆمه‌تری، "ملیۆنێك و 202 هه‌زار و 727 فه‌رمانبه‌ر له‌ كوردستان هه‌ن، 415 هه‌زار و 377یان له‌ سێكته‌ری شارستانی، 281 هه‌زار و 47 كه‌س له‌ بواری سه‌ربازی، 246 هه‌زار و 537 كه‌س له‌ خانه‌نشینی، 96 هه‌زار و 649 له‌ شه‌هیدان و 163 هه‌زار و 90 كه‌سی تر له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی".


پێشووتر خالید هادی چاوشلی سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستانیش بە هه‌فته‌نامه‌كه‌ی راگه‌یاندبوو، راپۆرتێكمان سەبارەت بەو لیستانەی خانەنشینی هەبووە كە گومانی لەسەر هەبووە بە تایبەت خانەنشینكراوانی سەربازی، هەندێك لەو خانەنشینانە بەدەر لە یاسا كراون هەندێكیشیان بە پێی ئەو خاڵانە نەبووە كە لە یاسای خانەنشین هەیە و سەرپێچیان تێدا هەبووە، داوامانكردوە پێداچوونەوەیان تێدا بكرێت.
















زۆرترین بینراوەکان