سەرۆك كۆماری عێراق ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكرده‌وه‌


نەتەوە  |   11:27:24 2018-07-13  |   (267) جار خوێندراوەتەوە

سەرۆك كۆماری "عیراق" داوا لە لایەنە ئەمنیەكان دەكات پارێزگاری لە خۆپیشاندانەكان بكەن تا گرژی لێ نەكەوێتەوە، جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، ھەر دەستدرێژیی كردنە سەر كارمەندانی عێراقیی و بیانیی ئیدانە دەكەین.
A+    A-

 

لە بەیاننامەیەكدا فواد مەعسوم، سەرۆك كۆماری عێراق، كە وێنەیەكی دەست (نه‌ته‌وه‌) كەوتووە ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، لە كۆبونەوەی ناڕەزایی هاوڵاتیانیان، كە زۆربەیان بێكار و بێ دەرامەتن و داوای دۆزینەوەی دەرفەتی كار و دابینكردنی خزمەتگوزاریی و چاككردنی باری ئابوریی و گوزەرانیان دەكەن، داوا لە لایەنە ئەمنیەكان دەكەین، پارێزگاری لە خۆپیشاندانەكان بكەن تا گرژی لێ نەكەوێتەوە، خۆپیشاندانەكان-یش بەلارێدا نەبرێن.


له‌به‌شێكی تری راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، داوا لە حكومەتی خۆجێی لە پارێزگاكە و حكومەتی فیدراڵیی دەكەین، كاری جدیی و بەپەلە بكەن بۆ بەدەنگەوە چونی داخوازیی رەوای خۆپیشاندەران و گرتنە بەری ھەنگاوی جدیی و پراكتیكیی بۆ چاككردنی خزمەتگوزارییەكان و چارەسەركردنی ئەو ئاستەنگانەی، كە هاوڵاتیانی لە ناوچە جیاجیاكانی پارێزگاكە بێزار و وەڕس كردوە.

 

دەقی بەیاننامەكە ….
“بەناوی پەروەردگاری بەخشندەو میهرەبانەوە
ئەی گەلی عێراقی دلێر
ئەی رۆڵەكانی بەسرەی فەیحا،
سڵاوی خوداتان لێ بێت،
چەند ناوچەیەكی پارێزگای بەسرە خۆپیشاندان و كۆبونەوەی ناڕەزایی ھاوڵاتیانیان بە خۆوە بینیوە كە زۆربەیان بێكار و بێ دەرامەتن و داوای دۆزینەوەی دەرفەتی كار و دابینكردنی خزمەتگوزاریی و چاككردنی باری ئابوریی و گوزەرانیان دەكەن، سەرباری رەتكردنەوە و بەگژاچونەوەی دیاردەكانی گەندەڵیی و كەموكورتییەكان لە ھەمو بوارەكاندا.

ئەو ناڕەزاییانە پەرەیان سەند و ھەندێك كات گەیشتە ئەوەی ھەندێك خۆپیشاندەری دیاریكراو ھەڵبكوتنە سەر دامەزراوەكانی نەوت لە پەترۆڵە جاڕەكانی گوڕنە و ئاگر تێبەردانی بینا و موڵك و ماڵی حكومیی و ئۆفیسی كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت، روبەڕوبونەوەكانیش بریندار و بەركەوتوی تریان لێكەوتەوە لە نێو ھاوڵاتیانی بێ دیفاعدا.

لە كاتێكدا داوا لە ھەمو رۆڵەكانی گەلمان بە تایبەتیی خۆپیشاندەرانی ناڕازیی دەكەین ھێمنی و پابەند بون بە قانون و دان بەخۆدا گرتن و زیان نەگەیاندن بە بیناو موڵك و ماڵی حكومەت و ئۆفیسی كۆمپانیاكانی نەوت بخەنە سەرو ھەرشتێكی ترەوەو، ھەر دەستدرێژیی كردنە سەر كارمەندانی عێراقیی و بیانیی ئیدانە دەكەین، داواش لە دەسەڵاتدارانی ئەمنیی دەكەین لێكۆڵینەوەی بە پەلە بكەن لەبارەی ھەرزیاد ڕەوییەك و لێپێچینەوەی كەمتەرخەمییەكان، ھاوكات داوا لە حكومەتی خۆجێی لە پارێزگاكە و حكومەتی فیدراڵیی دەكەین كاری جدیی و بەپەلە بكەن بۆ بەدەنگەوە چونی داخوازیی رەوای خۆپیشاندەران و گرتنە بەری ھەنگاوی جدیی و پراكتیكیی بۆ چاككردنی خزمەتگوزارییەكان بە تایبەتیی كارەبا، ئاوی خواردنەوە، تەندروستیی، خزمەتگوزارییە گشتییەكان و چارەسەركردنی ئەو ئاستەنگانەی كە ھاوڵاتیانی لە ناوچە جیاجیاكانی پارێزگاكە بێزار و وەڕس كردوە.

لە كاتێكدا لەیەزدان دەپاڕێینەوە شیفای خێرای برینداران بدات، داواش لە ھێزە ئەمنییەكانی بەسرە دەكەین گیانی ھاوڵاتیان بپارێزن و مافی خۆپیشاندەران زامن بكەن لە دەربڕین و خستنەروی داوا و خواستەكانیان بە شێوازی ئاشتیی، دوپاتیشی دەكەینەوە كە پێویستە رێ بگیرێت لە بەلادابردنی رەوتی راستەقینەی خۆپیشاندانەكان و كاركردن بۆ پاراستنی موڵك و سامانە گشتیی و تایبەتییەكان، ھاوكات داوا لەخۆپیشاندەران دەكەین خۆیان بەدور بگرن لە دامەزراوە حكومییە ژیارییەكان و پەترۆڵە جاڕەكان. بەم بۆنەیەوە پێشوازیی دەكەین لە ھەوڵی حكومەتی فیدراڵیی بۆ گرتنەبەری كۆمەڵێك بڕیاری بە پەلە بۆ چارەسەركردنی ئەم قەیرانە بە پێكھێنانی لیژنەیەكی وەزاریی بە مەبەستی بەدواداچونی بارودۆخی پارێزگاكە، راستەوخۆش پشتگیریی وەزارەتی نەوت دەكەین بە جێبەجێكردنی راگەیاندنی دابینكردنی دەھەزار پلەی وەزیفیی لە كەرتی نەوتدا بۆ رۆڵەكانی پارێزگاكە بەزوترین كات، لێرەدا جارێكی تر پێویستیی ھەرچی زوتری چارەسەركردنی تەواوی كێشەكان دوپات دەكەینەوە بێ دواكەوتن و كۆتایی ھێنان بە ھەمو شێوەیەكی گرژیی و ئاڵۆزیی لەسەر بناغەی دەستور و قانونە كارپێكراوەكان، پێداگرییش دەكەین لەسەر پێویستیی گەڕانەوەی دەستبەجێی ژیانی ھاوڵاتییان لە پارێزگای بەسرە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی و بەشێوەیەكی ھەمیشەیی. ھیوادارین و دڵنیاین لەوەی كە ھەموان ھەلومەرجەكە رەچاو بكەن، پێكەوە كاری جدیی و لێبڕاوانە بكەن لە پێناوی دان بەخۆدا گرتن و رێ خۆشكردن بۆ چارەسەری ئاشتیی بنیاتنەر و دەستوریی كە بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانیی بپارێزرێت، شانبەشانی بەدەنگەوەچون و دەستەبەركردنی مافەكانی ھاوڵاتییان و چاككردنی باری ژیانی رۆژانەیان.

فوئاد مەعسوم
سەرۆك كۆمار”
 
















زۆرترین بینراوەکان