خشتەی دووه‌می مووچەی مانگی نیسان بڵاوده‌كرێته‌وه‌


نەتەوە  |   10:30:40 2018-07-12  |   (9,265) جار خوێندراوەتەوە

له‌وه‌زاره‌تی داراییه‌وه‌ ڕادەگەیەندرێت، "مووچەی مانگی نیسانی ئەو وەزارەت و فەرمانگانە بۆ مانگی ئاب دوا ناکەوێت، کە تا ئێستا مووچەکانیان وەرنەگرتووە".
A+    A-

 

ماڵپه‌ڕی باسنیوز له‌ زاری سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێم بڵاویكردۆته‌وه‌، "مووچەی مانگی نیسانی ئەو وەزارەت و فەرمانگانەی ماون، لەو مانگەدا دابەش دەکرێت و ناکەوێتە مانگی ئاب".


ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، تا 20ی مانگ پارەکەی بەغدا دێت و چەند وەزارەتێک و  فەرمانگەیەکی کەم ماون و پێش کۆتایی مانگی تەممووز مووچەکانیان دابەش دەکرێت.


 لە سێ مانگی ڕابردوودا، 317 ملیار دینارەکەی بەغدا لە چەند کاتێکی جیاواز ھاتووە، سەرچاوەکە وتی: "مانگی یەکەم 18 لەسەر 19، مانگی دووەم 20 بۆ 21 و مانگی سێیەم لەبەر جەژن زووتر ھات، ئێستاش ھەوڵ ھەیە زووتر بێت".


بە پێی زانیارییەکان ھەفتەی داھاتوو وەزارەتی دارایی خشتەیەکی نوێ و دووەمی دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان بڵاوبکاتەوە.


لای خۆشیه‌وه‌ عابد ساڵح، بەڕێوەبەری گشتیی بانکی ناوەندی لە ھەرێم بە ماڵپه‌ڕه‌كه‌ی راگه‌یاندووه‌، "تا ئێستا  پارەکەی بەغدا نەھاتووە، ئێمە چاوەڕوانی ناردنی  دەکەین".


وتیشی: ئەو پارەیە بە فەرمانی عەبادی خەرج دەکرێت، ھەرکات خەرج بکرێت بۆ ئێمە ڕەوانە دەکرێت و ئێمەش بۆ وەزارەتی دارایی دەنێرین.


ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ھەوڵ ھەیە بۆ ناردنی پارەکە، بەڵام تا ئێستا نەھاتووە، "مەرج نییە 20ی مانگ بنێردرێت، بەڵکوو دەکرێت پێش ئەو کاتەش بنێردرێت".


لە رۆژی 4ی تەموزەوە دەست کراوە بە دابەشکردنی مووچەی  مانگی نیسان، بەڵام تا ئێستا خشتەی مووچەی وەزارەتەکانی پەروەردە و وەزارەتی ناوخۆ و خانەنشینان چەند وەزارەت و فەرمانگەیەکی ڕانەگەیاندراوە.
 
















زۆرترین بینراوەکان