چی لەبارەی چیرۆکی ژیانی گۆڵچیە کوردەکەی ھەڵبژاردەی ئێرانەوە دەزانیت؟


نەتەوە  |   16:37:21 2018-06-24  |   (270) جار خوێندراوەتەوە

عەلی رەزا بیرانوەند ئەو گۆڵچیەی لە مۆندیالی روسیا لەگەڵ ھەڵبژاردەی ئێراندا درەوشاوەتەوەو ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات بەڕەگەز کوردە.
A+    A-


عەلی لە شارۆچکەی سارابیاس کە سەربە شاری "خوڕەمئاباد"ە لە گوندێک لەدایک بووەو لەبنەچەدا عەلی رەزا بیراوەند کوردی لوڕییە ، ئەو لە مندیاڵیەوە سەرقاڵی بەخێوکردنی مەڕو ماڵات بووەو شوان بووە.

 

عەلی زۆری حەز لە یاری تۆپی پێ بووە، بەڵام بەھۆی ناوچەکەیەوە نەیتوانیووە یاریی بکات ، تا لە تەمەنی 12 ساڵیدا ماڵیان دەچێتە نێو قەزای سارابیاس و  لەوێ لەگەڵ تیپێکی ناوچەکەدا دەست بە یاریکردن دەکات و سەرەتا وەک ھێرشبەر یاریی دەکات، بەڵام لە یارییەکدا گۆڵچی تیپەکەیان تووشی پێکان دەبێت و کەسیش نابێت شوێنی بگرێتەوە، بۆیە عەلی دەبێت بە گۆڵچی و لەو رۆژەوە بەردەوام تائێستا گۆڵچی بووە.

 

 دوای ماوەیەک کە باوکی دەزانێت خەریکی یاریکردنە رێگەی لێ دەگرێت و ناھێڵێت یاری بکات، ھەربۆیە لە تەمەنی 12 ساڵی عەلی بڕیار دەدات لە ماڵەوە رابکات و بەرەو شاری تارانی پایتەخت ھەڵدێت، لەوێ بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانی کاری پاککردنەوەی شەقامەکان و شتنی ئۆتۆمبێل دەکات.

 

 سەرەتا دەچێتە یانەیەک کە راھێنان بکات، بەڵام داوای پارەی لێدەکەن، ئەویش ھیچ بڕە پارەیەکی پێنابێت و شەوانە لەلای بورجی ئازادی دەخەوت.

 

 عەلی خۆی لەوباریەوە دەڵێت: خۆشەویستیم بۆ یاری وای لێکردم شەوێک لەبەردەم ئەو یانەیەدا بخەوم کە بەیانی خەبەرم بووەوە بڕێک پارە لە بەردەمدا بوو، خەڵک خێری پێ کردبووم، کاتێک راھێنەری یانەکە حسێن فائیزی ھات و منی بەو شێوەیە بینی، بڕیاریدا بە بێ پارە راھێنمان پێ بکات.

 

عەلی کاتێک لە غەسلێک کاری شتنی ئۆتۆمبێلی دەکرد، رۆژێک "عەلی دایی" یاریزانی بەناوبانگی ئێران دەچێتە لای بۆ شتنی ئۆتۆمبیلەکەی، ھەرچەندە ھاوڕێکانی پێی دەڵێن کە بەو بڵێت تا بیباتە یانەیەک، بەڵام لە رووی نایەت و پێی ناڵێت، تا رۆژێک پەیوەندیی بە یانەی نەوتی تارانەوە دەکات و لەوێوە دەست بە راھێنان دەکات.

 

 ئیتر لێرەوە بیرانوەند دەدرەوشێتەوەو لەگەڵ یانەی نەوت دەبێتە گۆڵچیی سەرەکی و دواتر بانگھێشتی ھەڵبژاردەی خوار تەمەن 23 ساڵی ئێران دەکرێت و پاشانیش بۆ ھەڵبژاردەی یەکەمی ئێران لەساڵی 2015 وە بانگھێشت کراوەو لە پاڵاوتنەکانی ئەم مۆندیالەيش عەلی لە 12 یاری تۆڕی گۆڵەکەی بە پاکی ھێشتەوە کە ئەوە بووە ژمارەیەکی پێوانەیی بۆ ھەڵبژاردەی ئێران و ئێستاش گۆڵچیی سەرەکی یانەی پیرۆزیی تارانە.
















زۆرترین بینراوەکان