کێشەی دواکەوتنی مووچە چارەسەر دەکرێت


نەتەوە  |   09:07:36 2018-06-23  |   (1,013) جار خوێندراوەتەوە

لیژنه‌ی‌ یاسایی له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان واده‌ی‌ كاراكردنی‌ سندوقی‌ خانه‌نشینی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان ئاشكراده‌كات، جێگری‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌كه‌ش ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "به‌جێبه‌جێكردنی‌ یاسای چاكسازی، یه‌كێك له‌بڕگه‌كانی‌ تایبه‌ته‌ به‌كاراكردنی‌ سندوقی‌ خانه‌نشینی، له‌و ڕێگه‌یه‌شه‌وه‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ دواكه‌وتنی‌ موچه‌ی خانه‌نشینان ده‌كات".
A+    A-

 

د.به‌هار مه‌حمود جێگری‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ یاسایی له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌لێدوانێكدا به تۆڕی هەواڵی سلێمانی  ڕاگه‌یاندووە، "ئه‌گه‌ر یاسای چاكسازی له‌په‌رله‌مان یه‌كلابكرێته‌وه‌، یه‌كێك له‌بڕگه‌كانی‌ تایبه‌ته‌ به‌كاراكردنی‌ سندوقی‌ خانه‌نشینی‌ كه‌ ڕاسته‌وخۆ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی‌ له‌خانه‌نشینان ده‌بڕدرێت ده‌خرێته‌ ئه‌و سندوقه‌وه‌".

وتیشی‌:"به‌جێبه‌جێكردنی‌ یاسای‌ چاكسازی، ئه‌و سندوقه‌ش كاراده‌كرێته‌وه‌و ده‌توانرێت ئه‌وكه‌سانه‌ی‌ به‌نایاسایی خانه‌نشینكراون له‌خانه‌نشینانی‌ یاسایی جیابكرێنه‌وه‌و مانگانه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی‌ له‌موچه‌ ده‌بڕدرێت بدرێته‌وه‌ به‌خانه‌نشینان و هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌حكومه‌ته‌وه‌ نه‌مێنێت".

جێگری‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ یاسایی جه‌ختیشكرده‌وه‌، "ئه‌گه‌ر سندوقی‌ خانه‌نشینی‌ كارابكرێت، بۆ له‌مه‌ودوا مانگانه‌ موچه‌ی خانه‌نشینان له‌كاتی‌ خۆیدا ده‌درێت و دواناكه‌وێت، حكومه‌تیش هیچ داهاتێكی‌ بۆ ته‌رخان ناكات".

به‌وته‌ی‌ ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، "ئه‌وه‌ی‌ پێشتر كراوه‌ كه‌ حكومه‌ت مانگانه‌ پاره‌ی‌ له‌خانه‌نشینان بڕیوه‌و  پاره‌كه‌ش بۆ خۆیان نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ نایاسایی بوه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ هه‌موو هه‌وڵێكی‌ خۆمان ده‌خه‌ینه‌گه‌ڕ تاوه‌كو بتوانرێت یاسای چاكسازیی و خانه‌نشینی‌ په‌سه‌ندبكرێت و په‌له‌بكرێت له‌كاراكردنه‌وه‌ی‌ سندوقی‌ خانه‌نشینی‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌بڕگه‌ گرنگه‌كانی‌ یاسای چاكسازیی و خانه‌نشینی‌".
















زۆرترین بینراوەکان