هۆشداريی لەبارەی بەکارهێنانی ئەم جۆرە قەترەیەوە دەدرێت


نەتەوە  |   21:19:03 2018-06-22  |   (496) جار خوێندراوەتەوە

پزیشکانی پسپۆڕی چاوو پزیشکانی دەرمانساز، هۆشداریی لەبەکارهێنانی قەترەی چاوی جۆری (ئینستۆکاین) یاخود (تێتراکاین) دەدەن کە زیانی گەورەی تا رادەی کوێربوون بە چاوی نەخۆش دەگەیەنێت.
A+    A-

 

لەوبارەیەشەوە وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رایگەیاندووە، فرۆشتنی قەترەکە لە دەرمانخانەکانی لاکۆڵان و نووسینی لەلەلایەن کارمەندانی تەندروستییەوە بۆ نەخۆش قەدەغەکراوە.

 

بەگوێرەی زانیارییەکان قەترەکە تایبەتە بە کاتی نەشتەرگەریی چاو، بەڵام لە دەرمانخانەکاندا بۆ هەموو ئازارێکی چاو بەکاری دەهێنن.

 

لەو رووەوە زانا ئەمین، پزیشکی دەرمانساز بە ماڵپەڕی دواڕۆژی راگەیاندووە قەترەی (ئینستۆکاین) قەترەیەکی هەستیاری بەنج کەرە، لەکاتی هەندێ نەشتەرگەریی وەک نەشتەرگەریی ئاوی سپی چاودا یاخود ئاوی رەشی چاودا بۆ بەنجکردن بۆ ماوەیەکی کورت بەکار دەهێنرێت، ئەویش لەژێر چاودێریی پزیشکی پسپۆڕی چاودا، بەڵام بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان بە رێژەیەکی زۆر لە دەرمانخانەکاندا بۆ هەموو ئازارێکی چاو دەدرێت بە نەخۆش بەبێ راوێژی پزیشکی پسپۆڕی چاو، بەتایبەتی دەدرێت بەو کەسانەی کاری لەحیم دەکەن، یاخود تەنێک دەچێتە چاویانەوە.

 

ئەو پزیشکە دەرمانسازە ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، قەترەکە کاریگەریی خراپی دەبێت ئەگەر بەبێ رێنمایی پزیشکی چاو یاخود پزیشکی دەرمانساز بەکاربهێنرێت وەک لێڵبینین و جووتبینین و سووربوونەوە و خوران. زۆر کاتش دەبێتە هۆی نەمانی توانای بینین ئەگەر نەخۆشەکە بۆ ماوەیەکی زۆر بەکاری بهێنێت.

 

لای خۆشییەوە ئەبوبەکر قادر مەنگوڕی، پزیشکی پسپۆڕی چاو رایگەیاندووە، رۆژانە چەندین نەخۆش سەردانیان دەکەن بەهۆی ئەوەی کە بەبێ رێنمایی پزیشک قەترەی (ئینستۆکاین)یان بەکارهێناوەو زیان بەر چاویان کەوتووە. بۆ زۆرێکیش لەو نەخۆشانە نەشتەرگەرییان ئەنجامداوەو چارەسەریان بۆ کراوە. بەداخەوە تائێستاش لە بەشێکی زۆر لە دەرمانخانەکان و لەلایەن کارمەندانی تەندروستییەوە ئەو قەترەیە بۆ نەخۆش بەکاردەهێنرێت.

 

ئەو پزیشکە دەشڵێت: "بەداخەوە نەخۆش کاتێک چاوی ئازاری هەیە بەهەر هۆکارێک بێت بەبێ راوێژی پزیشکی چاو یاخود راوێژی پزیشکی دەرمانساز راستەوخۆ پەنا بۆ ئەو قەترەیە دەبات کە قەترەیەکی بەنجکەرەو بۆ ماوەیەک ئازاری چاو کەمدەکاتەوە، بەڵام بەکارهێنانی قەترەكە بە بەردەوامی، زیانی گەورەی هەیە تا رادەی کوێربوونی نەخۆش.
















زۆرترین بینراوەکان