"هه‌ر هاوڵاتیه‌كی هه‌رێم 8 بۆ 12 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی به‌رده‌كه‌وێت"


نەتەوە  |   13:51:43 2018-06-22  |   (360) جار خوێندراوەتەوە

ئینستیوتی مێدیتریانە بۆ لێکۆڵینەوەی هەرێمایەتی ئاشكرایده‌كات، یه‌ده‌گی نه‌وتی هه‌رێم به‌شێوه‌یه‌كی زانستی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ناكرێت، چونكه‌ ده‌زگایه‌كی نیشتیمانی سێكته‌ری نه‌وت و غازی سروشتی ئاڕاسته‌ ناكات، جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، گرفتی مه‌ترسیدار ڕووبه‌ڕووی یه‌ده‌گی نه‌وتی هه‌رێم بۆته‌وه‌.
A+    A-

 

لە لێکۆڵینەوەیەکیدا كه‌ (ئینستیوتی مێدیتریانه‌) لەسەر کەرتی وزەی هەرێم ئه‌نجامیداوه‌، تێیدا هاتووه‌، گومان و مەترسی له‌ یه‌ده‌گی راسته‌قینه‌ی نه‌وت و غازی سروشتی هه‌رێمی كوردستان هەیە و سێ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی و فه‌رمی هه‌یه‌ كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان داتایه‌كی جیاواز له‌سه‌ر یه‌ده‌گی هه‌رێمی كوردستان ئه‌ده‌ن به‌ده‌سته‌وه‌.


به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌، كاتێك ساڵی (2006) وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان (MNR) دامه‌زرا، له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌ی كۆی یه‌ده‌گی نه‌وت له‌ ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم (45) ملیار به‌رمیل نه‌وته‌ ده‌ستی به‌كاره‌كانی كرد، له‌ ساڵی (2011) ئه‌م یه‌ده‌گه‌ زیادیكرد و وه‌زاره‌ت به‌ (70) ملیار به‌رمیل مه‌زه‌نده‌یان كردووه‌.


رونیشكراوه‌ته‌وه‌، "له‌ كۆنفرانسی یه‌كه‌می ووزه‌ی عێراق له‌ سلێمانی كه‌ ئینستیوتی مێدیتریانه‌ له‌ 11ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 رێكیخست، دكتۆر بێوار خه‌نسی راوێژكاری پێشوی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێم بۆ ووزه‌ به‌ (60) ملیار به‌رمیل یه‌ده‌گ نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانی لێك ئەداتەوە، كه‌ ئه‌مه‌ ئه‌كاته‌ 4.5% قه‌باره‌ی یه‌ده‌گی جیهان، كه‌ هه‌موو جیهان یه‌ده‌گه‌كه‌ی (1138) ملیار به‌رمیله‌.


له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، ژماره‌ی دانیشتوانی هه‌رێم 5 ملیۆن و 755 هه‌زار و 43 كه‌سه‌) ئه‌گه‌ر یه‌ده‌گی نه‌وتی هه‌رێمیش به‌م شێوه‌یه‌بێت، كه‌ ده‌خرێته‌ڕوو هه‌ر هاووڵاتیه‌ك خاوه‌نی (8800 بۆ 12000) هه‌زار به‌رمیل نه‌وته‌ له‌ هه‌رێم.


لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ جه‌ختیشیكردۆته‌وه‌، هه‌رێمی كوردستان، پێگه‌یه‌ك نییه‌ بۆ پیشه‌سازیی و هه‌موو كه‌ره‌سته‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی له‌ ده‌ره‌وه‌ هاورده‌ ده‌كات، هه‌موو كرێیه‌كی وه‌به‌رهێنان خۆی ئه‌یدات، نه‌یتوانیوه‌ سێكته‌ری ووزه‌ و پیشه‌سازی نه‌وت و غاز له‌ چوارچێوه‌ی سیسته‌مێكی نیشتیمانیدا به‌رجه‌سته‌بكات.


ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، له‌ماوه‌ی ساڵانی (2013 بۆ 2018) ئابوری نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ڕووبه‌ڕووی سێ سه‌كته‌ بووه‌ته‌وه‌، ئه‌وانیش دابه‌زینی نرخی نه‌وت، به‌هه‌ده‌رچوونی داهات له‌ بۆری نه‌وتی كه‌ركوك - جه‌یهانی توركی به‌هۆی داخستنی كاتی و شه‌ڕی داعش و بارودۆخی سیاسی له‌دوای (16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017) ه‌وه‌، گرفتی مه‌ترسیدار ڕووبه‌ڕووی یه‌ده‌گی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ك و كۆمپانیاكانی كاركردن له‌لایه‌كی تر بۆته‌وه‌.


لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ سه‌باره‌ت به‌ یه‌ده‌گی غازی سروشتی له‌ هه‌رێم، باسی له‌وه‌كردووه‌، تێڕوانینی حكومه‌تی هه‌رێمدا كۆی یه‌ده‌گی غازی سروشتی به‌ 200 تریلیۆن پێ سێجا (له‌ نێوان 3.5   6تریلیۆن مه‌تر سێجا) دایه‌، به‌دیاریكراوی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان به‌5.7 تریلیۆن مه‌تر سێجا باسی ئه‌كات، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا كۆی یه‌ده‌گی غازی هه‌موو جیهان (186 تریلیۆن م3) یه‌، كه‌واته‌ هه‌رێمی كوردستان (3%) قه‌باره‌ی غازی جیهان پێكده‌هێنێت، كه‌ له‌ 57 بلۆكدا هه‌رێم مامه‌ڵه‌ی جۆراوجۆری له‌سه‌رده‌كات.


له‌ ده‌ره‌نجامی لێكۆلێنه‌وه‌كه‌دا باس له‌وه‌كراوه‌، یه‌ده‌گی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌45) ) ملیار به‌رمیل نه‌وت تێپه‌ڕناكات و، ئه‌و بڕه‌ش له‌به‌رده‌م مه‌ترسیدایه‌، ده‌كرێت بوترێت "ئابوری" له‌ هه‌رێمی كوردستان نییه‌، چونكه‌ سیسته‌مێكی دارایی نییه‌ و، ده‌ستگایه‌كی نیشتیمانی سێكته‌ری نه‌وت و غازی سروشتی ئاڕاسته‌ ناكات.


په‌یمانگه‌ی مێدیتریانه‌ (MIRS) بۆ توێژینه‌وه‌ی هه‌رێمایه‌تی، دامه‌زراوه‌یه‌كی نا حكومی ئاكادیمی یه‌، گرنگی ده‌دات به‌ توێژینه‌وه‌ له‌ بواری نه‌وت و غازی سروشتی و سامانی ئاودا.
















زۆرترین بینراوەکان