حكومەتی داهاتووی عێراق دەستكاری موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەكات 


نەتەوە  |   11:40:37 2018-06-22  |   (2,638) جار خوێندراوەتەوە

نه‌ته‌وه‌ "ئەندامێكی لیژنەی دارایی و ئابوری پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "كابینەی داهاتووی حكومەتی عێراق دەستكاری موچەی فەرمانبەرانی حكومەت دەكاتەوە"، جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، "هیچ رێكەوتنێك نەكراوە بۆ ئەوەی مانگانە 317 ملیار دینار بنێدرێت بۆ فەرمانبەرانی هەرێم".
A+    A-

 

عەبدولقادر محەمەد، ئەندامێكی لیژنەی دارایی و ئابوری پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەنوسیدا كە چەند میدیایەكی عێراقی بڵاویانكردووەتەوە، ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، دوای ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی ساڵی رابردووەوە، حكومەتی هەرێم كەوتووەتە ژێر كاریگەری فەرمانەكانی بەغدادەوە و ناتوانێت سەربەخۆ بڕیار بدات و هەر فەرمانێك لە بەغدادەوە دەربكرێت، پێویستە لە هەرێمیش جێبەجێ‌ بكرێت.


ناوبراو وتیشی، "هیچ رێكەوتنێك بۆ ناردنی 317 ملیار دیناری مانگانە لە نێوان هەرێم و بەغداد ئیمزانەكراوە و لەوانەیە پێدانی موچە و ناردنی ئەو پارەیە بەو شێوەیە بەردەوام نەبێت".


عەبدولقادر محەمەد ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕوو، گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی زانیاری لەوبارەوە دەكرێت و كابینەی داهاتووی حكومەتی عێراق دەستكاری موچە دەكاتەوە، هیچ گەرەنتییەك نییە بۆ دابەشكردنی موچە بەبێ‌ رێكەوتن و گفتوگۆی تازە".


رۆژی 18ی ئاداری ئەمساڵ، حكومەتی عێراق بڕی 317 ملیار دیناری بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم نارد و تائێستا مانگانە دەنێردرێت.
















زۆرترین بینراوەکان