سەدر هەڵوێستی خۆی لەسەر بڕیارەکەی دادگا رادەگەیەنێت و هەڕەشەش لە عەبادی دەکات


نەتەوە  |   20:40:23 2018-06-21  |   (188) جار خوێندراوەتەوە

موقتەدا سەدر داوا لە دادگا دەكات بەشێویەكی بێلایەنانە پرۆسەی ژماردنەوەی دەنگەكان بەدەست ئەنجام بدات و هۆشداریش بە حكومەتەكەی عەبادی دەدات بۆشایی دەستوریی نەقۆزێتەوە بۆ فراوانكردنی دەسەڵاتەكانی.
A+    A-


لەیەكەم كاردانەوەیدا دوای بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی بە ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكانی هەڵبژاردن، موقتەدا سەدر لە راگەیاندراوێكدا، 9 ئامۆژگاری بڵاوكردەوەو لە خاڵی یەكەمیشدا، داوای لەسەرجەم لایەنەكان كرد، دان بەخۆیاندا بگرن و ملكەچی یاسا بن، ئەگەر بڕیارەكانی بڕواپێهێنەریش نەبێت.

 

سەدر لە خاڵی دووەمی راگەیاندراوەكەیدا، ئامۆژگاریی دادگای كردووە بۆ پابەندبوون بە بێلایەنی لە پرۆسەی ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكانداو دەشڵێت: "دەبێت ماوەیەكی كورتی بۆ دیاری بكرێت".

 

هەروەک هۆشدارییش دەداتە حكومەتەکەی عەبادی کە لەئەگەری دواكەوتنی پرۆسەی ژماردنەوەو جیاكردنەوەی دەنگەكاندا بۆ یەكی مانگی داهاتوو، ملكەچی یاسا بێت و بۆشایی دەستووریی نەقۆزێتەوە بۆ فراوانكردنی دەسەڵاتەكانی، كە مەترسیدارەو ئەنجامی خراپی لێ دەكەوێتەوە.

 

لەپەیامێكیشدا بۆ لایەنەكان، سەدر بەپێویستی دەزانێت بەردەوامبن لە دیالۆگە جدییەكان بەمەبەستی پێكهێنانی هاوپەیمانێتی گەورە، كە ئەركی سەركردایەتیكردنی چاكسازیی راستەقینە بێت".

 

ناوبراو مەترسی ئەوەشی خستۆتەڕوو كە جیاكردنەوەی دەنگەكان بەدەستی ببێتە هۆی دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عیراق و پێشێلی دەنگی دەنگدەران بكرێت، سەرەنجام رێژەی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا كەمببێتەوە.

 

هاوكات داواشی لە هێزە ئەمنییەكان کردووە ئەو بڕیارانە كاریگەرییان لەسەریان نەبێت، چونكە بەوتەی سەدر تائێستا عیراق لەمەترسیدایە. سەدر ئومێدیش دەخوازێت ژماردنەوەی دەنگەكان نەبێتە هۆی گەڕانەوەی گەورە گەندەڵكاران بۆ دەسەڵات.
















زۆرترین بینراوەکان