دادگای فیدرالی هەموو بڕگەکانی یاسای هەموارکراوی هەڵبژاردن پەسەند ناکات


نەتەوە  |   18:39:16 2018-06-20  |   (140) جار خوێندراوەتەوە

شارەزایەكی یاسایی عیراقی سەبارەت بە بڕیارە چاوەڕوانكراوەكانی سبەینێی دادگای فیدرالی عیراق ئەوە رەتدەكاتەوە کە دادگاکە هەموو یاساکە پەسەند بکات و دەشڵێت: \"لەدوای  30ی حوزەیرانەوە عیراق ناكەوێتە بۆشایی دەستوورییەوە\".
A+    A-


تارق حەرب گەورە شارەزای بواری یاسا لە عیراق، رایگەیاندووە: لە كۆبوونەوەكەی سبەینێ پێنجشەممە 2018/6/21 ی دادگای فیدرالیی عیراقدا، كۆی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق هەڵناوەشێتەوە، بەو واتایەی كە دادگاكە تەواوی تانەكانی دژ بەو هەمواركردنە پەسەند بكات، بەڵكو بەشێك لە تانەكانی پەسەند دەكات و هەمواری یاساكەش بە دەستكراییەكی كەمەوە دەهێڵێتەوە.

 

لەبارەی ئەو بڕگانەشەوە كە چاوەڕوان دەكرێت دەستكاریی بكرێت، حەرب بە ئێس ئێن ئێن-ی  وتووە: "پێشبینی زۆر دەكرێت كە بڕیاری لەسەركارلادانی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق پەسەند بكرێت، هاوكات بڕگەی ژماردنەوەی دەنگەكان بەدەست پەسەند بكرێت، بەڵام رێژەیەك بۆ ئەو مەبەستە دیاری بكرێت و هەموو پارێزگاكانی عیراقیش نەگرێتەوە".

 

روونیشیکردووەتەوە کە چاوەڕوان دەكرێت دادگاكە بڕگەی هەڵوەشاندنەوەی دەنگی دەنگدەرانی دەرەوەی عیراق و ئاوارەكان پەسەند نەكات، بەڵكو بڕیار بدات كە جارێكی تر بەدەست ئەو دەنگانە بژمێردرێنەوە.

 

لەبارەی مەترسییەكانی كۆتایی هاتنی تەمەنی ئەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەرانیشەوە، ئەو شارەزا یاساییە ئەوە رەتدەکاتەوە كە لەدوای رۆژی 2018/6/30-ەوە، عیراق بكەوێتە بۆشایی دەستوورییەوەو دەڵێت: "لەدوای ئەو رۆژەوە وڵات بێ پەرلەمان و پەرلەمانتار دەبێت، بەڵام حكومەت بەتەواوی دەسەڵاتەكانییەوە دەتوانێت كاروبارەكانی رایی بكات".
















زۆرترین بینراوەکان