لیستی موچەی مانگی چواری یەكەم وەزارەت بۆ وەزارەتی دارایی نێردرا  


نەتەوە  |   13:09:02 2018-06-20  |   (5,019) جار خوێندراوەتەوە

نه‌ته‌وه‌ "بڕیارە لە مانگی داهاتووەوە، وەزارەتی پێشمەرگە یەكەم وەزارەت بێت موچە وەربگرێت و وەك كاتی شەڕی داعش پێش وەزارەتەكانی دیكە بكەوێت، وتەبێژی یەكەی 70ی پێشمەرگەی یەكێتیش رایده‌گه‌یه‌نێت: لیستی موچە لەكاتی خۆیدا دەنێردرێت بۆ وەزارەتی دارایی و ئابوری".
A+    A-

 

ئەحمەد لەتیف، وتەبێژی یەكەی 70ی هێزەكانی پێشمەرگەی یەكێتی بەسایتی خەڵكی راگەیاند، هیچ كاتێك كێشە لە لیستی موچەدا نەبووە و ئێستایش لیستەكە نێردراوە، بۆیە هەر كاتێك پارە هەبێت، دەتوانرێت بنێردرێت.


ناوبراو وتیشی، "مانگانە لەكاتی خۆیدا لیستی موچە ئامادەكرێت و دەنێردرێت بۆ وەزارەتی دارایی و ئابوری و ئەگەر موچەیش دوابكەوێت، ئەوە لای وەزارەتی داراییە”.


بەپێی لێدوانی بەرپرسانی باڵای حكومەتی هەرێم لە مانگی داهاتووەوە، پێشمەرگە دەبێتەوە بە یەكەم وەزارەت بۆ وەرگرتنی موچە.


حكومەتی هەرێم مانگانە بۆ دابینكردنی موچەی وەزارەتی پێشمەرگە و یەكەی 70ی یەكێتی و 80ی پارتی پێویستی بە 156 ملیار دینارە، كە لە هەموو وەزارەتەكانی دیكە زیاترە و ئەمریكایش بڕی 375 ملیۆن دۆلاری تەرخانكردووە بۆ موچەی هاوكاری پێشمەرگە.


ئەحمەد لەتیف رەتیكردەوە، كە لە پارەی هاوكاری ئەمریكا موچەی ئەوان دابین بكرێت و وتی”هاوكاری ئەمریكا بۆ موچەی لیوا یەكگرتووەكانی پێشمەرگەیە، 70 و 80، موچەیان لەو پارەیە وەردەگرن كە مانگانە بەغداد دەینێرێت و موچەی ئەوان لەسەر وەزارەتی داراییە، نەك وەزارەتی پێشمەرگە”.

 

ماوەی سێ‌ مانگانە حكومەتی عێراق مانگانە 317 ملیار دینار دەنێرێت بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و بەوەش حكومەتی هەرێم تاڕادەیەك لەكاتی خۆیدا موچە دابەش دەكات.

 

پێشتر سەفین دزەیی، وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێم بە (خەڵك)ی راگەیاند، كە دابەشكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەكاتی خۆیدا پەیوەستە بە ناردنی ئەو پارەی لە بەغدادەوە دەنێردرێت.
 
















زۆرترین بینراوەکان