شێوازێكی‌ نوێ بۆ ده‌وامی مامۆستایان له‌هاویندا په‌یڕه‌وده‌كرێت


نەتەوە  |   12:16:12 2018-06-20  |   (791) جار خوێندراوەتەوە

سه‌باره‌ت به‌شێوازی‌ ده‌وامی‌ "به‌ڕێوه‌به‌رو نوسه‌ری‌" خوێندنگه‌كان له‌وه‌رزی‌ هاویندا په‌روه‌رده‌ ڕونكردنه‌وه‌ ده‌دات، به‌ڕێوه‌به‌رێكی‌ په‌روه‌رده‌ش ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "بۆ ئه‌مساڵ ده‌رماڵه‌ی‌ تایبه‌ت به‌به‌ڕێوه‌به‌رو یاریده‌ده‌ره‌كان له‌وه‌رزی هاویندا خه‌رجده‌كرێت".
A+    A-

 

مامۆستا عومه‌ر محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری‌ په‌روه‌رده‌ی ده‌ربه‌ندیخان ڕایگه‌یاند، "به‌ڕێوه‌به‌رو یاریده‌ده‌ری‌ خوێندنگه‌كان پێویسته‌ ڕۆژانی‌ یه‌كشه‌ممه‌و چوارشه‌ممه‌ له‌خوێندنگه‌كاندا ده‌وامی ئاسایی خۆیان بكه‌ن و كاره‌كانیان ڕابپه‌ڕێنن".


ناوبراو وتیشی:"ده‌توانرێت ئه‌و دوو ڕۆژه‌ی‌ هه‌فته‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ خوێندنگه‌كان هه‌ماهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ یاریده‌ده‌ره‌كان بكه‌ن، هه‌ر ڕۆژه‌و یه‌كێك له‌یاریده‌ده‌ره‌كانی ده‌وام بكه‌ن یاخود به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ خۆی یه‌ك ڕۆژ ده‌وامبكات و یاریده‌ده‌ره‌كانی‌ ڕۆژه‌كه‌ی‌ دیكه‌ ده‌وامبكه‌ن".


عومه‌ر محه‌مه‌د له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌ی بۆ سایتی تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی ئاشكراشیكرد، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ خوێندنگه‌كه‌ خشته‌ی ده‌وامی نوسه‌ره‌كانیش ڕێكده‌خات و به‌گوێره‌ی‌ كاری‌ ئیداره‌ی‌ خوێندنگه‌كان ده‌وامیان بۆ دیاریده‌كرێت.


ئه‌وه‌شی‌ ڕونكرده‌وه‌، "به‌ڕێوه‌به‌ری‌ خوێندنگه‌كان سه‌رپشكن له‌وه‌ی‌ شێوازی‌ ده‌وامی یاریده‌ده‌ره‌كان له‌ڕۆژانی‌ هه‌فته‌دا ڕێكبخه‌ن و بتوانرێت كاری ئیداره‌ی‌ خوێندنگه‌كه‌یان ڕایی بكه‌ن".


سه‌باره‌ت به‌ئه‌ژماركردنی‌ ده‌رماڵه‌ی‌ تایبه‌ت به‌به‌ڕێوه‌به‌رو ئیداره‌ی‌ خوێندنگه‌كانیش كه‌ ئاخۆ له‌وه‌رزی هاویندا ئه‌و ده‌رماڵه‌یه‌ ئه‌ژمارده‌كرێت, به‌ڕێوه‌به‌ری‌ په‌روه‌رده‌ی‌ ده‌ربه‌ندیخان جه‌ختیكرده‌وه‌، "بۆ ئه‌مساڵ ئه‌و ده‌رماڵه‌یه‌ بۆ به‌ڕێوه‌به‌رو یاریده‌ده‌ری‌ خوێندنگه‌كان خه‌رجده‌كرێت، تائێستاش هیچ بڕیارێك نییه‌ خه‌رجكردنی‌ ده‌رماڵه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رو یاریده‌ده‌ری‌ خوێندنگه‌كان له‌مساڵدا ڕابگیرێت".
















زۆرترین بینراوەکان