دیارده‌یه‌كی فه‌له‌كی رووده‌دات


نەتەوە  |   11:22:12 2018-06-20  |   (1,241) جار خوێندراوەتەوە

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌شناسی هه‌رێم بڵاویكرده‌وه‌، سبه‌ی پێنجشه‌ممه‌ "یه‌كه‌م رۆژی هاوینه‌ له‌نیوه‌گۆی باكوورو یه‌كه‌م رۆژی وه‌رزی زستانه‌ له‌ نیوه‌گۆی باشووردا". 
A+    A-

 

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێم له‌ نوسینێكدا كه‌ له‌ په‌یجی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك بڵاویكردۆته‌وه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، سبه‌ی پێنجشه‌ممه‌ 2018.6.21 یه‌كه‌م رۆژی هاوینه‌ له‌نیوه‌گۆی باكوورو یه‌كه‌م رۆژی وه‌رزی زستانه‌ له‌ نیوه‌گۆی باشووردا.


رونیشیكردۆته‌وه‌، هەموو ساڵێك و لە 20 یان لە 21 ی حوزەیراندا، دیاردەیەكی فەلەكی روودەدات و ناسراوە بە (وەرگەڕانی هاوینە – Summer Solstice) و ئەمساڵیش لە 2018.6.21 كاتژمێر 11.07 بەكاتی جیهانی و 01:07 ی دوای نیوه‌ڕۆی به‌یانی، پێنجشه‌ممه‌ 2018.6.21 بەكاتی كوردستاندا یه‌كه‌م رۆژی هاوینه‌، واته‌ ئه‌مرۆ زەوی دەگاتە دوورترین خاڵ لەخۆر كە دەگاتە 152 ملیۆن و 97 هەزارو 701 كیلۆمەتر، بەڵام لەگەڵ ئەوەش لە نیوەگۆی باكووردا وەرزی هاوین دەستپێدەكات.


ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، چونكە لاریی تەوەرەیی خولانەوەی زەوی بە 23° 26' پلە لەسەر خولگەكەی و هەڵبەزو دابەزینی ئاستی زەوی لەكاتی خولانەوەی بەدەوری خۆردا وادەكات لە 20 یان 21 ی حوزەیرانی هەموو ساڵێك، تیشكی خۆر بە شێوەیەكی نیمچە ستوونی بێت لەسەر (خولگەی قڕژاڵ) ی لە نیوەگۆی باكووری زەوی و كە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەبەر مانەوەی زیاتری خۆر لە ئاسمان و درێژبوونەوەی كاتی رۆژ بۆدواین ئاستدا.


كه‌شناسی هه‌رێم باسی له‌وه‌شكردووه‌، بەڵام بە پێچەوانە لە باشووری زەویدا، تیشكی خۆر لار دەبێت لەسەر (خولگەی گیسك)، بۆیە لە دەرەنجامی كەمیی مانەوەی خۆر لە ئاسمان و كورتبوونەوەی ماوەی رۆژو درێژبوونەوەی ماوەی شەو، لە نیوەگۆی باكووردا دیاردەی (وەرگەڕانی زستان) ەیە، واتە دابەزینی زۆری پلەی گەرمیی دەستپێكردنی وەرزی زستان لە 20 یان 21 ی حوزەیرانی هەموو ساڵێك. 


له‌ كۆتایشدا هاتووه‌، لەهەمان كاتدا و لە جەمسەری بەستووی باكوورو لێرە بەدواوە تا ماوەیەكی دیكە خۆر لە ئاسمانیدا ئاوانابێت و بە پێچەوانە بۆ كیشوەری بەستووی باشوور (ئەنتاركتیكا) شەوداهاتنێكی بێ هەڵاتنی خۆر تاماوەیەك دەست بەسەر ئەو ناوچەیە دادەگرێت.
 
















زۆرترین بینراوەکان