بۆ مانگی داهاتوو بڕیارێك له‌باره‌ی‌ مامۆستایانه‌وه‌ جێبه‌جێده‌كرێت


نەتەوە  |   12:51:49 2018-06-19  |   (1,030) جار خوێندراوەتەوە

واچاوه‌ڕوانده‌كرێت "وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ قیستی‌ تایبه‌ت به‌دروستكردنی‌ یه‌كه‌ی‌ نیشته‌جێبون له‌مامۆستایان"ی سودمه‌ندبووی سنوری‌ پارێزگاری‌ هه‌ولێر زیادبكات، یه‌كێتیی‌ مامۆستایانیش ڕونكردنه‌وه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌دات.
A+    A-

 

مامۆستا عه‌بدولواحید محه‌مه‌د سه‌رۆكی‌ یه‌كێتیی‌ مامۆستایان ڕایگه‌یاند، "به‌شێك له‌و مامۆستایانه‌ی‌ له‌وه‌رگرتنی یه‌كه‌ی‌ نیشته‌جێبون له‌سنوری‌ پارێزگای‌ هه‌ولێر سودمه‌ندبون، تائێستا به‌شێكی‌ قیسته‌كانیان بۆ كۆمپانیاكه‌ نه‌گه‌ڕاندۆته‌وه‌و یه‌كه‌كانیشیان له‌كۆمپانیای‌ جێبه‌جێكار وه‌رنه‌گرتوه‌ له‌كاتێكدا چه‌ندجارێكیش ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام دواجار خۆیان به‌رپرسیار ده‌بن".


ناوبراو له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌ی بۆ سایتی ئێس ئێن ئێن وتیشی‌:"كۆمپانیای‌ جێبه‌جێكار هاوكاریه‌كی‌ زۆری‌ مامۆستایانی‌ كردوه‌ له‌وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ قیسته‌كانیان و ماوه‌ی‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ قیسته‌كانیشی‌ بۆ مامۆستایان درێژكردۆته‌وه‌".


ئه‌وه‌شی‌ ڕونكرده‌وه‌، "له‌گه‌ڵ باشبونی‌ دۆخی دارایی و موچه‌ی‌ مامۆستایان، كۆمپانیای جێبه‌جێكاریش وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ قیسته‌كانی‌ له‌سه‌ر مامۆستایان زیادكردوه‌و چاوه‌ڕوانده‌كرێت له‌مانگی‌ داهاتوه‌وه‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ قیستی یه‌كه‌كان له‌پارێزگای‌ هه‌ولێرو بڕیاری زیادكردنه‌كه‌ی‌ كاری‌ پێبكرێت".


مامۆستا عه‌بدولواحید سه‌باره‌ت به‌بڕیاری زیادكردنی قیستی‌ یه‌كه‌كانیش ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد،"ئه‌و زیادكردنه‌ به‌گوێره‌ی‌ گۆڕانكاری له‌ڕێژه‌ی‌ پاشه‌كه‌وتی موچه‌ی‌ مامۆستایان ده‌بێت، نه‌ك ڕاسته‌وخۆ وه‌ك یه‌كه‌مجار سه‌رجه‌م قیسته‌كانیان به‌سه‌ریه‌كه‌وه‌ لێوه‌ربگرێته‌وه‌، جگه‌له‌وه‌ش قیستی‌ یه‌كه‌ی‌ نیشته‌جێبونی‌ یه‌ك نهۆمی و دوو نهۆمی و شوقه‌كانیش جیاوازه‌".


ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، تائێستا له‌پارێزگای‌ سلێمانی‌ بڕیاری زیادكردنی‌ ئه‌و قیسته‌ له‌سه‌ر مامۆستایان نه‌دراوه‌، چونكه‌ "تائێستا دروستكردنی‌ یه‌كه‌ نیشته‌جێبوه‌كانی‌ مامۆستایان ته‌واو نه‌كراوه‌".
 
















زۆرترین بینراوەکان