دوایین زانیاری له‌باره‌ی په‌سه‌ندكردنی پڕۆژه‌ یاسایی چاكسازی موچه‌ و ده‌رماڵه‌كان


نەتەوە  |   01:30:34 2018-06-19  |   (2,669) جار خوێندراوەتەوە

ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، "سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ڕێگری دەکەن لە هەموارکردنەوەی پرۆژە یاسای چاكسازی"، سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتیش ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات "حكومه‌تی هه‌رێم پێی وتین پڕۆژه‌كه‌ ده‌ستكاری بكه‌ن ئینجا په‌سه‌ندی ده‌كه‌ین".
A+    A-

 

دلێر ماوه‌تی، سه‌رۆكی فراكسیۆنی سه‌وز له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند، پڕۆژه‌ی هه‌مواری یاسای چاكسازی كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌كانی دارایی و یاسایی ئاماده‌كراوه‌ و ئاڕاسته‌ی حكومه‌تی هه‌رێم كرا، به‌ڵام لە لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ ره‌تكراوه‌ته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی حكومه‌ت ده‌ڵێت ناتوانین كه‌مترین مووچه‌ی خانه‌نشین  400 هه‌زار دینار بێت و ئه‌ركێكی قورسی دارایی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر بودجه‌ی حكومه‌ت".


ناوبراو وتیشی "سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران داوایان كردووه‌ ئه‌و بڕه‌ی بۆ كه‌مترین موچه‌ی خانه‌نشینی، كه‌  400هه‌زار دیناره‌ كه‌متر بكرێته‌وه‌ ئینجا ئه‌وان ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ده‌ده‌ن، چونكه‌ گه‌ر فه‌رمانبه‌ر به‌ 400 هه‌زار دینار خانه‌نشین بكرێت حكومه‌ت بودجه‌ی پێویستی نابێت و ناشتوانێت دابینی بكات."


سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌باره‌ی ده‌رماڵه‌كانیشه‌وه‌ له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌ی بۆ سایتی دواڕۆژ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، حكومه‌ت سه‌ره‌تا ویستویەتی له‌ رێگه‌ی په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌رماڵه‌كان ببڕێت یان كه‌میان بكاته‌وه‌، به‌ڵام دواتر ئه‌و پرسه‌ له‌ په‌رله‌مان په‌سه‌ند نه‌كراوە و جارێكی تر ئاڕاسته‌ی حكومه‌ت كراوەته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران پێی وایه‌ پرسی رێكخستن و كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌رماڵه‌كان ده‌بێت به‌ یاسا رێكبخرێت.


ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، پێش ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی داهاتووی كوردستان، په‌رله‌مان بۆ په‌سه‌ندكردنی پڕۆژ یاسای چاكسازی له‌ مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ و پله‌ تایبه‌تەكان كۆده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام پێش ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ پێویسته‌ په‌رله‌مان و حكومه‌ت له‌سه‌ر په‌سه‌ندكردنی یاساكه‌ رێكبكه‌ون.


لای خۆشیه‌وه‌ شێركۆ جه‌وده‌ت، ئەندامی لیژنه‌ی دارایی و ئابوری له‌ په‌رله‌مانی كوردستان بە ماڵپه‌ڕه‌كه‌ی راگەیاندوه‌، سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ڕێگری دەکەن لە هەموارکردنەوەی پرۆژە یاسای چاكسازی، چونکە ژمارەیەکی زۆر مووچە خۆری دوو حزبی ده‌سه‌ڵات مووچە به‌ نایاسایی وەردەگرن و سەرۆکایەتی پەرلەمان نایەوێت یاسای چاكسازی به‌و شێوه‌یه‌ی دارێژراوه‌ په‌سه‌ند بكرێت.


جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، "تاوه‌كو ئێستا هیچ وادەیەک دیارینەکراوە بۆ دانیشتنی پەرلەمان سەبارەت بە پڕۆژە یاساکە و لە ئێستاشدا پڕۆژەی چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە لە بەرژەوەندی حکومەتدا نیە چونکە وەکو خۆی جێبەجێنەکراوە".


شێرکۆ جەودەت ئاماژەی بەوەشداوه‌، سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان نایه‌وێ تا دوای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان هیچ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك بۆ په‌سه‌ندكردنی پرۆژه‌ یاسای چاكسازی بكرێت.
 
















زۆرترین بینراوەکان