شاندێكی هاوبه‌شی یه‌كێتی و پارتی سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات


نەتەوە  |   12:52:59 2018-06-18  |   (179) جار خوێندراوەتەوە

یه‌كێتی و پارتی بڕیاریاندا پێكه‌وه‌ شاندێك بنێرنه‌ به‌غدا و ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیش ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، "كورد به‌ مه‌رج به‌شداری حكومه‌تی داهاتووی عێراق ده‌كات".
A+    A-

 

رزگار عه‌لی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان رایگه‌یاند "شاندێكی باڵای پارتی و یه‌كێتی به‌ هاوبه‌شی سه‌ردانی به‌غدا ده‌كه‌ن و تاوتوێی چۆنیه‌تی به‌شداری له‌ حكومه‌تی داهاتووی عێراق ده‌كه‌ن".


ناوبراو له‌درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌ی بۆ سایتی دوارۆژ وتیشی "نه‌ پارتی و نه‌ یه‌كێتی به‌ ته‌نها ناچنه‌ به‌غدا، چونكه‌ به‌ر له‌ جه‌ژن بڕیاردراوه‌ كه‌ به‌ هاوبه‌شی سه‌ردانی به‌غدا بكه‌ن و له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ براوه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان كۆببنه‌وه‌، هاوكات پڕۆژه‌یه‌كیش ئاڕاسته‌ی لایه‌نه‌كان ده‌كه‌ن".


رزگار عه‌لی له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی پڕۆژه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، یه‌كێك له‌ خاڵه‌كانی پڕۆژه‌كه‌ بۆ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كورد به‌ مه‌رجی جێبه‌جێكردنی پشكی له‌ 17% به‌شداری كابینه‌ی داهاتووی حكومه‌تی عێراقی ده‌كات.


ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، دوای یه‌كلابوونه‌وه‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق شانده‌كه‌ ده‌چێته‌ به‌غدا، چونكه‌ له‌ ئێستادا لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان سه‌رقاڵی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنن.


له‌دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق كه‌ له‌ 12ی ئایاری ئه‌مساڵ ئه‌نجامدرا، ژماره‌یه‌ك لایه‌نی عێراقی و شه‌ش لایه‌نی كوردی تانه‌یان له‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی دا و داوایانكرد سه‌رجه‌م سندوقه‌كانی ده‌نگدان به‌ ده‌ست هه‌ژمار بكرێنه‌وه‌.
 
















زۆرترین بینراوەکان