بۆ منداڵان و  ئەو کەسانەی شەکرە و فشاری خوێنیان هەیە با لە جەژندا رەچاوی ئەمانە بکەن


نەتەوە  |   09:57:19 2018-06-15  |   (200) جار خوێندراوەتەوە

پسپۆڕێکی تەندروستی باس لە چۆنیەتی خۆپاراستنی ھاووڵاتیان بەگشتی و ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان ھەیە بە تایبەتی دەکات لە جەژنداو بەتایبەتی لە یەکەم رۆژدا کە لەم خۆراکانە دووربکەونەوە.
A+    A-


لەوبارەیەوە لوقمان عەبدوڵڵا بەرپرسی بەشی پتەوکردنی تەندروستی لە بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی ھەڵەبجە رایگەیاندووە: لە جەژنی رەمەزاندا جەستەی مرۆڤ راھاتووە لەسەر ئەوەی کە مانگێک پارشێوان بەردەوام نانی خواردووە، بۆیە ناتوانرێ یەکەم بەیانی جەژن بەخاڵی بھێڵرێتەوە، بەڵکو نانی بەیانی پێویستە بخورێت، ئەو خواردنەشی کە دەخورێت ھەرچی بێت لە خواردنی قورس، ئاساییە بەمەرجێک ئاگاداری  دوو ژەمەکەی دواتری ئەو رۆژە بن.

 

لەو بارەیەشەوە بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی-ی وتووە: "لەبەرئەوەی ژەمە خۆراکی سەرلەبەیانی قورس بووە، پێویستە ژەمی نیوەڕۆ کەمێک سووکتر بێت و کەمتریش بخورێت وە ژەمی ئێوارە زەڵاتە یاخود سوپێک بێت، هەروەها دەڵێت: "دەبێت ئاگامان لە خوارنی شیرینی و بابەتی ساردی و غازی بێت".

 

روونیشیکردووەتەوە کە  شیرینی خواردن قورسە لەسەر گەدەو چەوریی لەلەشدا کۆدەکاتەوە ، خواردنەوە گازییەکانیش بە ھەموو جۆرەکانییەوە ئەگەر بتوانرێ وازی لێ بھێنرێت و نەخورێتەوە، چونکە کۆمەڵێک ماددەیان تێدایە کە ترشەڵۆکی گەدە زیاد دەکات و ھەرسکردن لاواز دەکات و شەکرەو  پاڵەپەستۆی خوێنیش زیاد دەکات.

 

ئاماژەشی بەوە داوە کە لەبری ساردی، ماستاو یان شەربەتی دەستکرد یان گێلاس یان ھەر میوەیەک یان جورە شەربەتێک کە کوالێتی باش بێت بخورێتەوە باشترە.

سەبارەت بەو کەسانەش کە نەخۆشیی درێژخایەن یان پاڵەپەستۆی خوێن و شەکرەو قەڵەویان هەیە یان ئەوانەی پێشتر جەڵدە لێیداون و باش بوونەتەوە،  ئاگایان لە خۆراکی خۆیان بێت، ھەرسکردنی خواردن قورسە لە جەژنداو ھەوڵبدەن شیرینی نەخۆن، بۆئەوەی مەترسیی لەسەر تەندروستییان دروست نەکات.

 

ناوبراو جەختیشی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ھەندێ لە زانایان لەو بڕوایەدان شەکر کەم بێتەوە یان ھەر نەخورێت.

 

بۆ منداڵانیش دەڵێت: ئەوانیش بەھەمان شێوەیە، نازانن تێرخواردن چییە، بۆیە دەبێت ھەوڵبدرێت شیرینی کەم بخورێت، کە سەرچاوەی نەخۆشییەکانی سکچوون و رشانەوەن.
















زۆرترین بینراوەکان