"حكومەت ئامادە نییە پاشەكەوتی مووچە لابەرێت"


نەتەوە  |   13:45:26 2018-06-14  |   (1,525) جار خوێندراوەتەوە

ئینستتیوتی پەی راپۆرتێكی لەبارەی بەیاسایی كردنی‌ پاشەكەوتی‌ مووچە لە نێوان حكومەت و پەرلەماندا بڵاوكردەوە، تێیدا جه‌ختله‌وه‌ده‌كاته‌وه‌، حكومەت نەك ئامادە نیە پاشەكەوتی مووچە لابەرێت، بەڵكو دەیەوێت لە ڕێگەی بڕینی دەرماڵەی فەرمانبەرانەوە، پاشەكەوتی مووچە بەیاسایی بكات.
A+    A-

 

 ئینستتیوتی پەی لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، "زیاد لە دوو ساڵە بەهۆی قەیرانی دروستكراوی داراییەوە، گوایە ئابووری سەربەخۆ بنیاد دەنێن، بەبێ ئەوەی هیچ ئامادەكارییەكیان بۆ كردبێت و لە ئەگەری رووبەرووبوونەوەی قەیران و رێگریی دەوڵەتی عیراقدا هیچ پلانێكی تریان دانابێت، هەرێمی كوردستانیان خستە گێژاوێكەوە كە ئەوەتا خەڵك باجەكەی دەدات".


له‌به‌شێكی تری راپۆڕته‌كه‌دا هاتووه‌، "حكومەت بەبیانووی دابەزینی نرخی نەوتەوە سیستەمی پاشەكەوتی مووچەیان داهێنا، دوور لە هەموو یاساو نەریتێك مانگانە و جار هەبووە بە دوومانگ جارێك فەرمانبەران چارەكە مووچەیەكیان وەرگرتووە".


ئینستتیوتی پەی باسی له‌وه‌شكردووه‌، ئێستا كە نرخی نەوت بەرز بووەتەوەو خەریكە دەگاتەوە ئاستی بەرلەقەیران، كەچی حكومەت بەردەوامە لەسەر سیستەمەكەی كە بڕینی مووچەی فەرمانبەرانە.


وه‌ك له‌ راپۆرتەكەدا هاتووە، "حكومەت نەك ئامادە نییە پاشەكەوتی مووچە لابەرێت بەڵكو دەیەوێت لە ڕێگەی بڕینی دەرماڵەی فەرمانبەرانەوە پاشەكەوتەكە بەیاسایی بكات و پەرلەمان بەخواستی ئەوان یاساكە دەربكەن، هەر پەرلەمانیش باجی هەڵەكانی حكومەت بدات، بۆیە حكومەت بە سەرۆكایەتی پەرلەمانی راگەیاندووە، ئەگەر ئێوە دەرماڵەكان نەبڕن ئێمە ناتوانین سیستەمی پاشەكەوت لاببەین".


رونیشكراوه‌ته‌وه‌، پڕۆژە یاسای چاكسازی خانەنشینی سەرباری ئەو تێبینیانەی لەسەریەتی، بەڵام لەلایەن لیژنەكانی پەرلەمانەوە لەكاتی نوسینەوەی راپۆرتدا چەند بڕگەو ماددەیەكی بۆ زیادكراوە یاخود لێی لادراوە، كە خزمەتی پڕۆژەكە دەكات، وەك (هاوتاكردنی كەمترین مووچەی خانەنشینی بۆ 400 هەزار دینار، هەروەها لابردنی ئەو مادەیەی باس لە بڕینی دەرماڵەی فەرمانبەران دەكات.


ئینستتیوتی پەی ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە پڕۆژەكەی پەرلەماندا حكومەت ئیلزام كراوە لە ماددەیەكدا كە پاشەكەوتی مووچە هەڵبوەشێنێتەوە، هەروەها خانەنشینی پلە باڵاكان كەمبكاتەوە، بەڵام حكومەت لەسەر ئەوانە رەزامەند نیەو قبوڵی نیە مووچەی خانەنشینانی هەرێم لەگەڵ عێراق هاوتا بكرێت.


لە راپۆرتەكەی ئینستتیوتی پەی-دا ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، "حكومەت دەیەوێت لە ڕێگەی بڕینی دەرماڵەی فەرمانبەرانەوە سیستەمی پاشەكەوت درێژە پێ بدات و لە ژێر چەتری یاسای چاكسازی لەلایەن پەرلەمانەوە بەیاسایی بكات و شەرعیەت بەو نادادی و كارە نایاساییەی بدات و بیچەسپێنێت".
 
















زۆرترین بینراوەکان