بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ توركیا سوپای‌ عیراق و پێشمه‌رگه‌ له‌ئاماده‌باشیدان 


نەتەوە  |   11:26:49 2018-06-14  |   (453) جار خوێندراوەتەوە

سوپای‌ عیراق هۆشداریی به‌توركیا ده‌دات له‌ئه‌گه‌ری‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ سه‌ربازیی بۆسه‌ر قه‌ندیل و شنگال، وته‌بێژی سه‌ركردایه‌تی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی عێراقیش ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، "پێشمه‌رگه‌ له‌قه‌ندیله‌وه‌ نزیكه‌و سوپاش له‌شنگال هه‌یه‌و له‌ئاماده‌باشیداین".
A+    A-

 

عه‌مید یه‌حیا زوبه‌یدی وته‌بێژی فه‌رمی سه‌ركردایه‌تی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی عیراق سه‌باره‌ت به‌هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیا بۆ په‌لاماردانی‌ قه‌ندیل و شنگال به‌ به‌شی‌ كوردی‌ ده‌نگی‌ ئه‌مریكای ڕاگه‌یاندوه‌، "داوا له‌توركیا ده‌كه‌ین سه‌روه‌ری خاكی عێراق بپارێزێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێزه‌كانی ئێمه‌ له‌شنگال هه‌ن و پێشمه‌رگه‌ش له‌قه‌ندیل نزیكه‌، كه‌ به‌شێكن له‌سیستمی به‌رگری عیراق، كاری هه‌موو ئه‌م هێزانه‌ پاراستنی سه‌روه‌ری عیراق و هه‌موو نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كانه‌".


ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش نین خاكی عیراق بۆ هێرشكردنه‌سه‌ر هیچ وڵاتێكی دراوسێ به‌كاربهێنرێت، به‌ڵام بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هێرشی هه‌ر وڵاتێك له‌ناو خاكی عیراق چاوه‌ڕێی فه‌رمانی سه‌ركرده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عیراق ده‌كه‌ین".


یه‌حیا زوبه‌یدی وتیشی، "توركیا ڕێز له‌سه‌روه‌ری عیراق و خاكه‌كه‌ی‌ بگرێت، خاكی عیراق و سه‌روه‌ریه‌كه‌ی له‌لایه‌ن هێزی ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان و هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی عیراقه‌وه‌ ده‌پارێزرێت".


جه‌ختیشیكردۆته‌وه‌، "ئێستا له‌شنگال و هه‌موو شوێنێك بونمان هه‌یه‌، سه‌روه‌ری عیراق ده‌پارێزین و پارێزگاری له‌عیراق ده‌كه‌ین، بۆیه‌ هیوادارین توركیاو توركه‌كان ڕێز له‌سه‌روه‌ری عیراق و خاكه‌كه‌ی‌ بگرن له‌هه‌موو پارچه‌یه‌كی عیراق هێزی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان هه‌یه‌، پێشمه‌رگه‌ش هه‌یه‌ كه‌به‌شێكن له‌سیستمی به‌رگری عیراق و سه‌روه‌ریی و خاكی عیراق ده‌پارێزن".


دووپاتیشیكردۆته‌وه‌:"پشت به‌خوا ئێمه‌ ده‌توانین پارێزگاری له‌خاكی عیراق بكه‌ین، ئێمه‌ فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كانمان هه‌یه‌، حكومه‌تی عیراقیمان هه‌یه‌، ئێمه‌ سه‌ر به‌فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانین، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئێمه‌ ئاماده‌باشین و چاوه‌ڕوانی‌ فه‌رمانه‌كانی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كان ده‌كه‌ین".
 
















زۆرترین بینراوەکان